ئیسرائیل هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی ئێران ناوچەکانی نزیک بنکە ئەتۆمییەکان چۆڵ بکەن
هەساو ئەمیر
١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
ئیسرائیل هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی نیشتەجێی نزیک بنکە ئەتۆمییەکان، بەپەلە چۆڵی بکەن.
لە راگەیەنراوێکدا ئەفیخای ئەدرەعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل هۆشداری داوەتە ئەو هاووڵاتییانەی نیشتەجێی نزیک ناوەندە ئەتۆمییەکانن، بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان و خێزانەکانیان بەپەلە ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن.
داواش لەو هاووڵاتیانە دەکات، تاوەکو کاتێکی نادیار نەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
پێشییان دەڵێت، مانەوەتان لەو شوێنانەی بنکەی ئەتۆمین یان پەیوەندییان بە بنکەکانەوە هەیە، ژیانتان دەخاتە مەترسییەوە.
لە بەرەبەیانی رۆژی 13ی ئەم مانگەدا، ئیسرائیل بە 200 فڕۆکەی جەنگیی هێرشیکردە سەر 100 ئامانج لە ناو ئێراندا و بەهۆیەوە 78 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 400 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە شەش زانای ئەتۆمی و فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران و سەرۆکی ئەرکانی ئێران و وتەبێژی خامنەیی و چەندین فەرماندەی سەربازی و پلەباڵای دیکەی تێدابوو، لەدوای ئەوەشەوە ئێرانیش دەستی بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل کرد و هێرشەکانی هەردوو وڵات تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی چڕ بەردەوامن، کە بەهۆیەوە ژمارەی کوژران و گیانلەدەستدانەکانیش بەرزبوونەوە.