لە میانی کۆبوونەوەیەکی رەسمی لەگەڵ کۆمەڵێک لە رۆژنامەنوسانی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی چین لە پەکینی پایتەخت، جیان فانگنینگ، جێگری بەرێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی چین و وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیاو باکوری ئەفریقا، باسی لە دواین پێشهات و روداوە گرنگەکانی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، هەڵوێستی وڵاتەکەی لە سەر چەندین بابەت و پرسی گرنگی ئەم ناوچەیە بۆ رۆژنامەنوسان ڕوونکردنەوە.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووس بەرزان کەریم، نێردراوی دەزگای میدیایی کوردسات لە چین، سەبارەت بە کورد و پەیوەندییەکانی نێوان چین و عیراق و هەرێمی کوردستان، جیان فانگنینگ وتی سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرە رۆژنامەنووسێکی کورد دەبینم چونکە من بە گەلی کورد ئاشنام و ساڵێک لە کوردستان ژیاوم و دواین وێستگەی کاری دیپلۆماسیم لە بەغداد بووە.
 
دواتریش ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان چین و گەلانی عیراق لە ئاستێکی زۆر باشدایە و لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کولتووری و کۆمەڵایەتی بەردەوامیش لە هەوڵی بەهێزترکردنی ئەم پەیوەندییانەدان.
 
لە کۆتایی قسەکانیشیدا جیان فانگنینگ, ئاماژەی بە رۆڵی گەلی کورد کرد لە ناوچەکە و وتی: کاتێک لە کوردستان بووم وتوێژینەوەو گەڕانم دەکرد لەنێو لاپەڕەکانی مێژووی کورددا درکم بەوە کرد کە کورد, نەتەوەیەکی گرنگە لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێمە وەکوو چین مێژوو یەکی دوورودرێژمان هەیە لە هاوڕێیەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەشمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عیراقدا زیاتر بەرەو پێش ببەین لە داهاتوودا بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لامان بکات.
کۆبوونەوەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی چین لەگەڵ رۆژنامەنووسان لەسەر بانگهێشتی رەسمی ئەو وەزارەتە بووە و دەزگای میدیایی کوردساتیش وەک تاکە میدیا لە سەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کرابوو.