منداڵی؛ ئەو قۆناغەی تەمەن کە داهاتووی کۆمەڵگەی پێوە پەیوەستە، ئەو تیانووسە سپیەی چی تێدا بنووسی ئەوەت نیشان دەداتەوە.
منداڵان ئەو نەوەیەن کە لە داهاتوودا دەبنە دەستی کار بۆ کۆمەڵگە، گەورە دەبن و خێزان پێکدەهێنن پێکهاتەی کۆمەڵایەتی داهاتووی کۆمەڵگە دیاری دەکەن، بۆیە پەروەردەکردن و زانینی مافەکان و پێدانی مافەکانیان بەر لە هەر شتێکی دیکەیە.
وەک کوردەواری دەڵێت: منداڵ وەک هەویر وایە، چۆنی بشێلی ئاوا دێتە بار.
بۆیە گرنگە دایکان و باوکان؛ مامۆستایان کە پەروەردەکاری ئەو نەوەیەن، هەروەها سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە لە دنیای رەنگاورەنگ و پاکی منداڵان تێبگەن و بە ئاراستەی پەروەردەکردنیان بە شێوەیەکی دروست هەموو هەوڵێک بدەن.
رۆژی 1ی حوزەیران؛ رۆژی جیهانیی پاراستنی منداڵانە، کە لە ساڵی 1925دا لە شاری جنێڤی سویسرا و لە کۆنفرانسی جیهانیی چاودێری منداڵاندا ئەو رۆژە راگەیەنرا و بەڕێوەچوونی ئەو یادەشیان دانا بە ئامانجی خۆشگوزەرانی منداڵان و کۆتاییهێنان بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و زەوتکردنی مافەکانیان.
جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵ
منداڵان خاوەنی جاڕنامەی گەردوونی تایبەت بە خۆیانن و سەرجەم مافەکانیانی تێدا جێگیر کراوە.
جاڕنامەکە لە 54 ماددە پێکدێت، کە تایبەتە بە مافەکانی منداڵان و جێبەجێکردنی لەلایەن وڵاتانەوە.
جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵ لە 20ی تشرینی دووەمی ساڵی 1989 لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە و لە ساڵی 1990ـەوە جێبەجێ دەکرێت، کە ١٩٦ وڵاتی جیهان ئەندامن لە رێککەوتنەکەدا و ئەو وڵاتانەشی رێککەوتننامەکەیان پەسەند کردووە، پێویستە لەسەریان سەرجەم ماددەکانی جاڕنامەکە جێبەجێ بکەن.

مافی ژیان، خوێندن، دەربڕینی بیروڕا، بەشداری چالاکی هونەریی و کلتوری و وەرزشی و پێکهێنانی هاوڕێ
مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان ئەوەیە کە، منداڵان مافی ژیان و خوێندن و دەربڕینی بیر و ڕای خۆیان هەیە، هەروەها مافی خۆیانە بەشداری چالاکییە هونەری و کلتوریی و وەرزشییەکان بکەن، دەبێت دایک و باوک لە پرسە گرنگەکانی پەیوەندییان بە خودی منداڵەوە هەیە ڕا و خواستی منداڵ خۆی وەربگرن.
بەپێی جاڕنامەکە، منداڵان مافی پێکهێنانی هاوڕێیان هەیە و هەموو منداڵێک مافی خۆیەتی کە لە ژینگەیەکی پەروەردەیی باشدا بێت و لە هەر رەگەز و نەتەوەیەک بێت مافی خۆیەتی کلتوری تایبەت بە خۆی هەبێت و بە زمانی دایک قسە بکات.
جاڕنامەکە بە تەواوی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی، پێویستە دایک و باوک و دەوڵەت پێکەوە هاوکار بن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی ئەو جاڕنامەیە.
بەندەکانی مافەکانی منداڵ:
1.منداڵ ئەو مرۆڤەیە کە تەمەنی لە خوار 18 ساڵەوەیە.
2.مافەکانی منداڵ بۆ هەموو منداڵێکە بەبێ جیاوازی و ئەرکی دەوڵەتە لە هەموو جۆرە جیاوازییەک بیپارێزێت.
3.لە هەموو بڕیار و هەڵسوکەوتێکدا کە پەیوەندی بە منداڵەوە هەیە پێویستە باشترین بەرژەوەندی رەچاوبکرێت.
4.پێویستە دەوڵەت هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵان.
5.پێویستە لەسەر دەوڵەت رێز لە ئەرک و مافی دایک و باوکی منداڵ بگرێت لە رێنمایی کردنیدا.
6.ئەرکی دەوڵەتە تا ئەوپەڕی توانا دەستەبەری گەشە و مانەوەی منداڵ بکات.
7.هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە ناو و ناسنامە و رەگەزنامەی تایبەت بە خۆی هەبێت.
8.ئەرکی دەوڵەتە رێز لە مافی پاراستنی ناو و ناسناە و رەگەزنامە و پەیوەندیی خێزانیی منداڵ بگرێت.
9.هەموو مندالێک مافی ئەوەی هەیە لەناو خێزانی خۆیدا بژی و بە زۆرەملێ لە خێزانەکەی جیانەکرێتەوە.
10.منداڵ و دایک و باوک مافی ئەوەیان هەیە بە مەبەستی بەیەک شادبوونەوە وڵاتێک جێبهێڵن و بڕۆنە وڵاتێکی دیکە.
11.پێویستە دەوڵەت رێگە بە رفاندن و دەستبەسەرکردنی منداڵ نەدات ئەگەر لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بێت.
12.هەموو منداڵێک مافی خۆیەتی ڕای خۆی سەربەستانە دەرببڕێت لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە.
13.هەموو منداڵێک مافی خۆیەتی ئازادانە بیر و ڕای خۆی دەرببڕێت.
14.پێویستە دەوڵەت رێز لە مافی ئازادی بیر و ویژدان و ئایینی منداڵ بگرێت.
15.منداڵان مافی پێکهێنانی کۆمەڵە و ئازادی کۆبوونەوەی ئاشتیانەیان هەیە. لە چوارچێوەی یاسایەکدا کە ئارامی و ئاسایش و سیستمی گشتی سەربەستی کەسانی تر تیایدا پارێزراو بێت.
16.هەموو منداڵێک مافی پاراستنی هەیە لە هەر جۆرە خۆهەڵقورتاندنێک لە ژیانیتایبەتی خۆی و خێزانەکەیدا.
17.ئەرکی دەوڵەتە دەستەبەری بەدەستهێنانی زانیاری بەسود و گونجاو بکات لە سەرچاوە و کەناڵی جیاجیای راگەیاندنەوە بۆ هەموو منداڵێک.
18.پەروەردەکردنی منداڵ بەرپرسیارێتی هاوبەشی دایک و باوکە بۆ ئەو مەبەستەش ئەرکی دەوڵەتە هاوکاریی گونجاویان بکات.
19.ئەرکی دەوڵەتە منداڵ بپارێزێت لە هەر توندوتیژییەک کە لەلایەن دایبابان و چاودێرانەوە بەرانبەر بە منداڵان دەکرێت.
20.ئەرکی دەوڵەتە بەشێوەیەکی گونجاو دەستەبەری پاراستنی ئەو منداڵانە بکات کە بێبەش دەبن لە ژینگەی خێزانیی.
21.ئەو دەوڵەتانەی گرتنەخۆیان قبوڵە، دەبێت ئەو کارە بە رەچاوکردنی باشترین بەرژەوەندییەکانی منداڵ و پەیڕەوی یاسا ئەنجام بدەن.
22.پێویستە دەوڵەت بە هاوکاریی رێکخراوەکان رێکاری گونجاو بگرێتە بەر بۆ ئەو منداڵانەی هەوڵی پەیداکردنی جێگەیەکی پەنابەری دەدەن، یان ئەوانەی بە پەنابەر دادەنرێن.
23.هەموو منداڵێکی خاوەنپێداویستی تایبەت مافی چاودێری و فێرکردن و راهێنانی تایبەتی هەیە بۆئەویە ژیانێکی شەرەفمەندانە بژی.
24.ئەرکی دەوڵەتە چاودێری تەندروستی سەرەتایی و پاراستن بۆ هەموو منداڵێک دەستەبەر بکات و هەوڵ بدات بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردنی منداڵ.
25.دەوڵەت دەبێت بە رێکوپێکی چاو بە رەوشی ئەو منداڵانەدا بخشێنێتەوە کە لەبەر هەر هۆیەک بە مەبەستی چاودێری و چارەسەر و پاراستن سپێردراون بە دامەزراوەکان.
26.منداڵ مافی هەیە سودمەندبێت لە دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی.
27.هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە کە لە ئاستی گوزەرانێکی وادا بژی لەگەڵ گەشەی جەستەیی و عەقڵیدا بگونجێت کە ئەمەش ئەرکی باوانە بۆی جێبەجێ بکەن، دەوڵەتیش دەبێت یارمەتی بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە بدات.
28.ئەرکی دەوڵەتە خوێندنی سەرەتایی خۆڕایی و ناچاری بۆ هەموو منداڵێک دەستەبەر بکات، بەشێوازێک کە سیستمی قوتابخانە بگونجێت لەگەڵ مافەکان و کەرامەتی منداڵدا.
29.پێویستە خوێندن پەرە بە کەسایاتی منداڵ بدات و ببێتە هۆی گەشەکردنی توانا و بەهرەکانی منداڵ.
30.منداڵانی کەمینەکان مافی ئەوەیان هەیە زمان و ئایین و کلتوری خۆیان بەکار بهێنن.
31.منداڵ مافی حەوانەوە و یاری و بەشداریکردنی چالاکی رۆشنبیری و هونەریی هەیە.
32.هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە لە ئیشی قورس و مەترسیدار بەدوور بێت کە رێگر بێت لە گەشەی ژیری و جەستەیی و کۆمەڵایەتی و خوێندنیدا.
33.هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە پارێزراو بێت لە بەکارهێنان و بەرهەمهێنان و دابەشکردنی مادە هۆشبەرەکاندا.
34.پێویستە لەسەر دەوڵەت منداڵ بپارێزێ لە هەموو شێوازێکی دەستدرێژی و هەراسانکردنی سێکسی.
35.ئەرکی دەوڵەتە هەموو رێکارێک بگرێتە بەر بۆ پاراستنی منداڵ لە کڕین و فرۆشتن و رفاندن.
36.منداڵ دەبێت پارێزراوبێت لە هەموو شێوەکانی قۆستنەوە کە لە بەندەکانی 32، 33، 34 و 35دا نەهاتووە.
37.منداڵ نابێت رووبەڕووی ئەشکەنجە یان هەر شێوازێکی دیکە لە مامەڵەی خراپبکرێتەوە و نابێت سزای لەسێدارەدان یان هەتاهەتایی بەسەردا بدرێت.
38.پێویستە دەوڵەت دەستەبەری بەشداریینەکردنی منداڵ بکات لە کێشە و ململانێی چەکداریدا.
39.پێویستە دەوڵەت راهێنانەوەی جەستەیی و دەروونی بۆ ئەو منداڵانە دابین بکات کە بوونەتە قوربانی هەراسانکردن و ململانێی چەکداریی و هەر مامەڵەیەکی خراپ.
40.ئەومندالانەی کە تۆمەتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی کەتنێک، پێویستە تەمەنیان لەبەرچاوبگیرێت و کەرامەتیان پارێزراو بێت، هەروەها راوێژکاری یاسایی و هەر یارمەتییەکی دیکەیان بۆ دەستەبەر بکرێت بۆ بەرگریکردن. باشتر وایە منداڵ نەخرێتە زیندانەوە.
41.ئەگەر یاسا دەوڵەتییەکان یان هەر یاسایەکی پەیڕەکراو لە بواری مافی منداڵدا باشتر بوون لە بەندەکانی ئەم رێککەوتنە، ئەوا دەبێت باشترەکان پەیڕەو بکرێن.
42.پێویستە دەوڵەت پابەند بێت بە هەموو ئەو مافانەی لەم رێککەوتنندامەیەدا ئاماژەیان پێکراوە و لیژنەی چاودێریکردنی مافەکان پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی ئەو راپۆرتانەی پێشکەش دەکرێت لەپێناو جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەدا.
