ئەوروپا ترسی هەیە ترەمپ دەستبەرداری ئۆكراین بێت بۆ رێككەوتنێكی ئابوری لەگەڵ روسیا
شنیار
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥
لەسەرەتای دەستبەكاربونی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا ، گۆڕانكاری لە سیاسەتەكانی ئەمریكا بەرانبەر ئۆكراین بینرا ، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لێكنزیكبوەنەوە لە نێوان ترەمپ و سەرۆكی روسیا بەدیدەكرێت .
ترەمپ لە كابینەی پێشوو و ئێستاشیدا ، هەرگیز پەیوەندییەكی ئالۆزیی لەگەڵ روسیا نەبووە ، هەربۆیە لە ئێستادا ئەوروپا ترسی هەیە ئەمریكا پشت لە ئۆكراین و روو لە روسیا بكات . .
رۆژنامەی "زە گاردیان"ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات ، ئەو شێوازە ئەرێنییەی لە دیالۆگی نێوان ترەمپ و پوتن بەدیدەكرێت و دوو دڵی ئیدارەكەی ترەمپ لە توندكردنی سزاكان لەسەر روسیا ، مەترسی لای وڵاتانی ئەوروپا دروستكردوە و دیپلۆماتكارە ئەوروپییەكان دەترسن ترەمپ دەستبەرداری ئۆكراین بێت و هەوڵ بۆ دروستكردنی هاوبەشیی ئابوری لەگەڵ روسیا بدات .
بەپێی راپۆرتەكە ، ئەو سەركردانەی ئەوروپا كە هیوایان هەبوو واشنتۆن سزای نوێ بەسەر مۆسكۆ بسەپێنێت ،ئێستا هەست بە تورەیی و بێهیوایی دەكەن بەتایبەت دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ترەمپ لەگەڵ پوتن كە 19 ی ئەم مانگە ئەنجامدرا ، چونكە هێندەی تر ترسیان لە نزیكبونەوەی زیاتری ترەمپ و پوتن هەیە .
رۆژی 19 ی ئایار ترەمپ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا ئەنجامدا و پەیوەندییەكەی بە زۆر باش وەسفكرد، هاوكات پوتنیش پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی بە بنیادنەر لە قەڵەمدا .
پێش ئەوەی ببێتە سەرۆكی ئەمریكا، ترەمپ ساڵانێكی زۆرە وەك بازرگانێك پەیوەندی بەردەوامیی لەگەڵ روسیا هەبووە و چەندینجار خۆی و هاوبەش و منداڵەكانی سەردانی روسیایان كردوە، پەیوەندی لەگەڵ بازرگانان و لێپرسراوانی حكومیی روسیا هەبووە بۆ ئاشكراكردنی دەرفتەتی پرۆژەی بازرگانیی هاوبەش لەگەڵ مۆسكۆ.
هەرچەندە ترەمپ هەرگیز رێككەوتنی بازرگانیی سەركەوتووی لە روسیا ئیمزا نەكردوە ، بەڵام وەبەرهێنەرە روسییەكان كاری زۆریان لە پرۆژە بیناسازییەكانی ترەمپدا كردوە ، كاتێكیش ترەمپ لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا مایەپوچ بوو، پارەی لە سەرچاوە روسییەكان وەك قەرز وەرگرت .