ترەمپ لە سەردانەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆچوونی ئیدارەكەی دەخاتەڕوو
لاڤە
١٢ی ئایاری ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە رۆژانی 13 بۆ 16ی ئەم مانگە سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، سعودیەش میوانداری لوتكەی كەنداو-ئەمریكی دەكات.
بەپێی پێگەی "ئەكسیۆس" كە لە زاری لێپرسراوانی ئەمریكی و عەرەبییەوە بڵاویكردووەتەوە، رۆژی چوارشەممە سعودیە میوانداری لوتكەیەك دەكات، كە سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ هاوتا و سەركردەكانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو كۆدەكاتەوە، ئەوەش رەنگدانەوەی ئەو گرنگییەیە كە ئیدارەی ترەمپ بە وڵاتانی كەنداوی دەیدات.
ئەو لوتكەیە دەرفەتێكە بۆ ترەمپ بۆئەوەی بۆچوونی لەبارەی دەستوەردانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی لە ناوچەكە بخاتەڕوو، جەختیش دەكرێتە سەر راكێشانی وەبەرهێنەرانی كەنداو لەگەڵ كەمكردنەوەی نرخی نەوت بۆ پشتیوانی گەشەی ئابوری ئەمریكا و هەنگاوی چارەسەری سیاسی بۆ ناكۆكی فەلەستین و ئیسرائیل، كە قەتەر رۆڵی نێوەندگیر لەنێوان ئیسرائیل و حەماس دەبینێت.
سەردانەكە هاوكاتە لەگەڵ جموجۆڵی فراوانی وڵاتانی كەنداو لەڕوی وەبەرهێنانەوە لە ئەمریكا، بە شێوەیەك سعودیە نیازی خۆی دەرخستووە بۆئەوەی قەبارەی وەبەرهێنانی لە ئەمریكا بگەیەنێتە یەك ترلیۆن دۆلار، ئیماراتیش بەڵێنیداوە بە بڕی 1.4 ترلیۆن دۆلار لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا لە بواری ژیریی دەستكرد و وزە وەبەرهێنان بكات.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، ئیدارەكەی ترەمپ كەمكردنەوەی كۆت و بەندی سەر هەناردەی ژیریی دەستكرد بۆ وڵاتانی كەنداو تاوتوێ دەكات، كە لە ئیدارەكەی بایدندا سەپێندرابوو.
ئەمریكا هەوڵی جدی دەدات بۆئەوەی سعودیە بخاتە ئەو رێككەوتنەوە كە تایبەتە بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام سعودیە مەرجی راگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی هەیە لە غەززە، بەرلەوەی هەر هەنگاوێك بۆ ئەو مەبەستە بنرێت، بۆئەوەش ترەمپ پشتی بە جارید كوشنەری زاوای بەستووە، كە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە هەیە.
هەر لەو سەردانەی ترەمپدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باس لە دانوستانە ئەتۆمییەكانی نێوان واشنتۆن و تارانیش دەكرێت، چونكە ئیدارەكەی ترەمپ چاوەڕێی پشتیوانی سعودیە دەكات لە پەرەدان بە پرۆگرامی ئەتۆمی مەدەنی.
ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشیەتد پرێس"یش رایگەیاندووە، رەنگە ترەمپ لەو سەردانەیدا ناوی كەنداوی فارسی بە رەسمی بكاتە كەنداوی عەرەبی، كە ئێران ئەو هەنگاوە بە "ئیستفزاز" دەزانێت.
سەردانەكەی ترەمپ جگە لە سعودیە، قەتەر و ئیماراتیش دەگرێتەوە، وەفدێكی باڵاش یاوەری ترەمپ دەكات، كە پێكهاتوون ل ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە و پیت هیگسێت وەزیری بەرگری و سكۆت بیسنت وەزیری گەنجینە و ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.