سەرۆك كۆماری ئێران دەڵێت، وڵاتەكەی لە دانوستاندا لەگەڵ ئەمریكا جیدیە و دەیەوێت بگاتە رێككەوتن.

ئاژانسی هەواڵی میهر بڵاویكردووەتەوە، مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە كۆبوونەوەی حكومەتەكەی رایگەیاندووە، لە دانوستانەكانیان لەگەڵ ئەمریكا جددین و هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن بگەنە رێككەوتن، بەڵام لە ناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران قبوڵكراو نییە.

وتیشی، تاران هیچ كاتێك لە رابردوو و ئێستادا و داهاتووشدا هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نەداوە و هەوڵیشی بۆ نادات.

سەرۆك كۆماری ئێران راشیگەیاند، تاران هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و ئاسایشدایە لە ناوچەكە، بەڵام ئیسرائیل تەنها هەوڵی دروستكردنی شەڕ و نائارامی و ناسەقامگیری دەدات.

پێشتریش عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە بارەی خولی چوارەمی دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن كە لە عومان بەڕێوەچوو، رایگەیاند، ئەو خولە بەراورد بە دانوستانەكانی رابردوو زۆر جددی تر بووە.