سەرۆک کۆمار پێشوازی لە وەزیرانی دارایی و ووزەی لوبنان کرد
٦ی ئایاری ٢٠٢٥
سەرۆک کۆمار، د.لەتیف رەشید، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە، یاسین جابر وەزیری دارایی و جۆزێف سەدی وەزیری ووزە و ئاوی لوبنان.
لەسەرەتای دیدارەکەدا وەفدەکە، سڵاوی جۆزێف عەون سەرۆک کۆماری لوبنانی گەیاندە سەرۆک کۆمار و لە بەرامبەردا د. لەتیف رەشید سڵاوی خۆی گەیاندە سەرۆک کۆماری لوبنان وهیوای بەردەوامی، پێشکەوتن و سەقامگیری بۆ گەلی لوبنان خواست.
سەرۆک کۆمار دووپاتی لە قووڵی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، هەروەها پەرۆشی عیراقی بۆ فراوانکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان لەکەرتەکانی بازرگانی، ئابووری، پیشەسازی و وزەدا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی برا نیشاندا.
هەروەها ئاماژەی بەئاڵنگاریەکان کرد کە روبەروی ناوچەکە دەبنەوە و پێویستی درێژەدان بەکاری هاوبەش و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و ئاشتی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان و هەڵوێستی پشتیوانی عیراقیشی بۆ گەلی لوبنانی برا دووپاتکردەوە.
سەرۆک کۆمار رونی کردەوە کە میوانداریکردنی عیراق بۆ لوتکەی عەرەبی دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی عەرەبی بەدیدێکی یەکگرتوو بۆ بەرنگاربونەوەی بارودۆخی ناوچەکە و هاوکات خواستی عیراقی بۆ بەشداری کاریگەرانەی لوبنان دەربڕی لە سەرکەوتنی لوتکەکە و چەسپاندنی هاوکاری کاریگەرانەی عەرەبی.
لەلای خۆشیانەوە هەردوو وەزیری لوبنان پابەندبوونی وڵاتەکەیان دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لەبەڕێوەچوونی لوتکەی عەرەبی لە بەغداد و بەشداریکردن لەسەرکەوتنی بەلەبەرچاوگرتنی گرنگییەکەی لە یەکخستنی ڕیزەکان و پێشخستنی گفتوگۆکان و ئاماژەیان بەوەشکرد، وڵاتەکەیان گرنگییەکی زۆر بە فراوانکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان عیراق و لوبنان لە هەموو بوارەکاندا دەدات.