بی بی سی بەڵگە فیلمێكی لەبارەی هێرشەكانی توركیا لە هەرێم بڵاوكردەوە
رەوەز
٢ی ئایاری ٢٠٢٥
ناوچەی قەدەغەكراو، بەڵگە فیلمێكی دامەزراوەی بی بی سی بەریتانیە كە بە سێ زمانی جیاواز، پەردە لەسەر "هێرشە تاوانكارییەكانی توركیا بە هاوكاری پارتی لە هەرێمی كوردستان" هەڵدەداتەوە.
بی بی سی چیرۆكی ئالان ئیسماعیل و هاشم شاكری خاڵۆزای، هاوشێوەی سەدان قوربانی دیكە لە هەرێم ئاشكرا دەكات كە چۆن بەبێ هۆكار لەلایەن سوپای توركیاوە بۆردومان كراون و دۆسیەكانیان شێوێندراوە و پەردەپۆش كراوە.
ئەم بەڵگە فیلمە كە بەرهەمی دوو ساڵ كاركردنی دامەزراوەی بی بی سییە لە هەرێمی كوردستان، چەندین بەڵگەی حاشا هەڵنەگر دەخاتەڕوو كە توركیا چۆن بە بیانووی پەكەكەوە لەشكركێشی لەناو خاكی هەرێم كردووە و بە رۆژی رووناك هاووڵاتیانی مەدەنی دەكاتە ئامانج و دەسەڵاتدارانی پارتیش هەوڵی پەردەپۆشكردن و بێدەنگكردنی دۆسیە تاوانكاریەكان دەدەن.
هەروەها باس لە هەماهەنگی سەربازی و هەواڵگری نێوان سوپای توركیا و دەسەڵاتدارانی پارتی دەكات لە ناوچەی بادینان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی، سوپای توركیا بە نەرمونیانتر لە پەكەكە نیشان دەدات.
ئالان ئیسماعیل، تەمەن 24 ساڵ، لە ئابی 2023 لەگەڵ هاشم شاكری خاڵۆزی لەكاتی تێپەڕبوونیان لە سنوری گوندەكەیان لە ئامێدی، دەكەونە بەر دوو هێرشی ئاسمانی سوپای توركیا، ئالان لەو هێرشەدا شەهید دەبێت و هاشمیش بەسەختی بریندار دەبێت.
وەك ئەوەی لە بەڵگە فیلمەكەدا خراوەتەڕوو، دۆسیەی ئەم دوو قوربانییە لە شوێنی روداوەكەدا كۆتایی نایەت، بەڵكو سەردەكێشێت بۆ تۆمەتباركردن و گرتن و دواجار شێواندنی دۆسیەكەیان.
هاشم كە وەك قوربانییەكی زیندوو لەناو چیرۆكەكەدا گەواهی هەیە، بە ئێستاشەوە نازانێت كە بۆچی بۆردومان كراون، هەربۆیە دوای چاكبوونەوەی برینەكەی و بەجێهێشتنی نەخۆشخانە، دەچێتە دادگا و سكاڵا لەسەر ئەو تاوانە دەكات، بەڵام دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر دەكرێت و بۆ ماوەی هەشت مانگ زیندانیی دەكرێت، بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان _ پەكەكە.
هاوكات باوكی ئالان باس لەوە دەكات، لە راپۆرتی پزیشكی دادوەریدا، دۆسیەی كوڕەكەی بەلاڕێدا براوەو هۆكاری كوشتنەكەیان گۆڕیوە بۆ پاشماوەی تەقەمەنی، لەكاتێكدا راپۆرتی پۆلیس پشتڕاستیكردووەتەوە كە بەهۆی بۆردومانی توركیاوە شەهید بووە.
بەڵگە فیلمەكە باس لە چۆڵبوونی سەدان گوند دەكات بەهۆی لەشكركێشی و بۆردومانەكانی سوپای توركیاوە، بەڵام بەپێچەوانەوە هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، چۆڵبوونی گوندەكان بەهۆی پەكەكەوەیە.
زێباری لەم بەڵگە فیلمەدا باس لەوە دەكات، پەكەكە وەك بارگرانییەك خۆی بەسەریاندا سەپاندووە و پێچەوانەی ئیرادەی گەلی كورد لێرەن، جەخت لەوەش دەكاتەوە، مامەڵەی توركیا لەگەڵ خەڵكی مەدەنی میهرەبانترە وەك لە مامەڵەی پەكەكە، لەكاتێدا رۆرژنامەنوسەكە زێباری رادەگرێ و دەڵێت، بەڵام خەڵكی واناڵێن و دەڵێن، لەلایەن توركیاوە بۆردومان دەكرێن و لە گوندەكانیان دەردەكرێن.
كامەران عوسمان ئەندامی تۆڕی سی پی تی ئەمریكی لە هەرێم باس لەوە دەكات، لە ساڵی 1991وە تا ئێستا، 724 هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە بوونەتە قوربانی كە زۆربەیان گوندنشین بوون، بەبێ ئەوەی ئەندام بن لە پەكەكە.
كامەران جەخت لەوە دەكاتەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم رووبەڕووی هەر كەسێك دەبنەوە كە بیەوێت لێپرسینەوە لە توركیا بكرێت، بەجۆرێك هەركەسێك باسی ئەوە بكات ئەوەی توركیا دەیكات تاوانە، دەستگیر دەكرێت و تۆمەتی ئەندامبوونی پەكەكەی دەخرێتەپاڵ.
بەگوێرەی بەڵگە فیلمەكەی بی بی سی، توركیا 136 بنكەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەڕای زوبێر ئایدار ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد، بەبێ گۆڕینی مامەڵەی توركیا بەرامبەر كوردەكان، ململانێ كۆتایی نایەت.
لە بەرانبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەم بەڵگە فیلمەدا پێیوایە، كاتێك لە نزیكەوە هاوكاری سوپای وڵاتێك دەکرێت، ئاماژەیە بۆ هاوكاری هەواڵگریش، جەخت لەوەش دەكاتەوە، هەماهەنگییەكی تەواو لەنێوان توركەكان و باڵی سەربازی پارتیدا هەیە.
سەرۆكی یەكێتی باس لەوەش دەكات، توركیا، پەكەكە دەكاتە بیانوو بۆ هاتنەناوەوە بۆ ناو خاكی عیراق، پێشیوایە توركیا بۆ پشتیوانی پارتی لە كوردستانە.
سوپای توركیا زیاتر لە دوو هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەی لە خاكی عیراق و هەرێم كۆنتڕۆڵ كردووە، هەروەها وێنەی مانگە دەستكردەكان ئاشكرای دەكەن، توركیا لانیكەم 660 كیلۆمەتر رێگای بۆ بەستنەوەی دامەزراوە سەربازییەكانیی دروستكردووە، ئەم رێگایانەش بوونەتە هۆی زیان گەیاندن بە دارستان و ژینگەی كوردستان.
ئێستا بۆ قوربانیە زیندووەكان و بنەماڵەكانیان، هیچ شتێك هێندەی بەلاڕێدابردنی دۆسیەكانیان بەئازار نییە كە لەلایەن دام و دەزگاكانی حكومەتەوە لەسەر پەڕاوەكانیان دەنوسرێت كە گوایا ئەندام و لایەنگری پەكەكە بوون، ئەوەش وادەكات بێبەش بن لە هەر قەرەبووییەك، لە كاتێكدا باوكی ئالان داواكارە راپۆرتی شەهیدكردنی كوڕەكەی راست بكرێتەوە و هیچ قەرەبوویەكیشی ناوێت.