رەنگە هێدفۆنەکانمان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە گوێ و ژیانمان بمێننەوە، بەڵام بەکارهێنانی نابەرپرسیارانە و هەڵەی ئەم ئامێرانە دەتوانێت ببێتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر توانای بیستن.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی Gazeta.Ru، دکتۆر سڤێتلانا نۆزنیتسکایا (پسپۆڕی نەخۆشییەکانی لووت، قورگ و گوێ) هۆشداری دەربارەی مەترسییە چاوەڕواننەکراوەکانی بەکارهێنانی هێدفۆن دەدەن لە چەند بارودۆخێکدا و ئاماژە بە مەترسیدارترین کاتەکانی بەکار هێنانی ئەو ئامێرە دەدات کە بریتیە لە کاتی وەرزشکردن، مەلەوانی یان خۆشۆردن.
دکتۆر نۆزنیتسکایا وتی: "توێژینەوە جیهانییەکان دەریانخستووە کە بەکارهێنانی هێدفۆن رێژەی بەکتریا لەناو کەناڵی گوێدا 11 جار زیاد دەکات. هەموومان بەکتریا لە گوێکانماندا هەیە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم بەکتریایانە هیچ کێشەیەکی تەندروستی دروست ناکەن، بەڵام ئەگەر ژمارەیان زیاد بێت یان بەکتریای نوێ بچێتە ناو گوێ، بۆ نموونە کاتێک گوێچکەیەک دەدەیت بە هاوڕێیەکت بۆ گوێگرتن لە مۆسیقا، دەکرێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی هەوکردن لەناو گوێدا... پێستی کەناڵی گوێی دەرەکی زۆر ناسکە، بۆیە بەکارهێنانی بەردەوام یان درێژخایەنی گوێچکەکان دەتوانێت لە کۆتاییدا زیان بە ساغڵەمی پێست بگەیەنێت و ببێتە هۆی هەوکردنی کەناڵی گوێی دەرەکی."
نۆزنیتسکایا لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە هێدفۆن و گوێچکەکان گەرمی و شێ هەڵدەمژن، کە ئەمەش ژینگەیەکی باش دروست دەکات بۆ گەشەکردنی هەموو جۆرە بەکتریا و کەڕووەکان، و ئەم دۆخە لەوانەیە یارمەتی گواستنەوەی بەکتریا یان کەڕوو بۆ ناو گوێ بدات و ببێتە هۆی تووشبوون بە هەوکردنطکی مەترسیدار لەسەر بیستن.
پزیشکەکە ئامۆژگاری ئەو کەسانەی کرد کە بەشێوەیەکی بەردەوام هێدفۆن بەکاردەهێنن کە لانیکەم هەفتەی جارێک گوێچکەکانیان بە ئەلکهولی پزیشکی خاوێن بکەنەوە، هەروەها دڵنیا بن لە پاککردنەوەی بەردەوامی گوێچکەکان.
بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نزیکەی ٪50ی ئەوانەی لە تەمەنی 12 بۆ 35 ساڵدان لەمەترسییدان بۆ لەدەستدانی هەستی بیستن بەهۆی بەردەوام گوێدانە دەنگی لەرەلەر بەرز.