مەسەدە: بەرپرسیارێتی خراپتربوونی بارودۆخەکە لە ئەستۆی سوپای سوریادایە
رەوەز
٣٠ی نیسانی ٢٠٢٥
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) راگەیەندراوێکی سەبارەت بە دۆخی سوریا بڵاوکردەوە و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات؛ ئاگربەست ڕابگەیەنن و هێمنی بپارێزن، هەروەها بەرپرسیارێتی تەواوی خراپبوونی بارودۆخەکە دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتی دیمەشق.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەنجومەن پێی وایە بەکارهێنانی زۆری هێز، سوریا دەگەیەنێتە لێواری روخان و کەلێنی نێوان رۆڵەکانی گەلی سوریا - کە رژێمی روخاو دروستی کردووە - فراوانتر دەکات، هەروەها دەرگا دەکاتەوە بۆ دەستێوەردانی دەرەکی، بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەکەنە ئامانج و هەوڵ دەدەن بۆ زاڵبوون بەسەر سوریا و داماڵینی لە یەکێتی و سەروەری خۆی."
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات داوا لە دەسەڵاتی دیمەشق دەکات کە ئاسایش زامن بکات و چالاکی و کردەوە دوژمنکارییەکان رابگرێت، هەروەها سەرچاوەکانی هاندانی تایفەگەری و گوتاری ڕق وشک بکات.
ئەنجومەن پێی وایە دەبێت پەلە بکرێت لە سازدانی کۆنگرەیەکی نیشتیمانی گشتگیر بە بەشداری ڕاستەقینە و کارای هەموو پێکهاتە و ڕەنگەکانی گەلی سوریا، بۆ راستکردنەوەی رەوتی پرۆسەی گواستنەوە و داڕشتنی دەستورێکی نیشتیمانی دیموکراتی سەردەمیانە کە شایستەی قوربانیە گەورەکانی سورییەکان بێت و گوزارشت لە خواستەکانیان بکات، مافەکانیان بپارێزێت و بناغەی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و دادپەروەری دابمەزرێنێت.
شایانی باسە، لەم دواییەدا ناوچەکانی ئەشرەفیەی سەحنایا و جەرمانا لە دەوروبەری دیمەشق، شایەتی چەندین پێکدادان بوون لە نێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا و چەندین گروپی چەکداری لۆکاڵی، کە بۆتە هۆی کوژرانی چەندین کەس.