دۆزینەوەی چەند شوێنەوارێک لە ئیلام مێژوویەکی نوێ بۆ کشتوکاڵی کورد دەنووسێتەوە
هەساو ئەمیر
٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥
دۆزینەوەی چەند شوێنەوارێکی نوێ لە ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، مێژوویەکی نوێ بۆ مێژووی کشتوکاڵ لە ناوچە کوردییەکان دەنووسێتەوە، کە ئەو شوێنەوارانە دەری دەخەن، زیاتر لە 11 هەزار ساڵە کشتوکاڵ لەو ناوچەیەدا کراوە.
لە تەپۆلكەی چۆغاگۆلان لە ناوچەی گۆلان سەر بە شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام شوێنەواریی مێژویی دۆزراوەتەوە كە دەیسەلمێنێت ژیانی كشتوكاڵی و نیشتەجێبوون لەو ناوچەیە تەمەنی بۆ زیاتر لە 11 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.
حوججەت دارابی سەرپەرشتیاری تیمی شوێنەوارناسان رایگەیاندووە، دوای 45 رۆژ كنە و پشكنین لە تەپۆڵكەی چۆغاگۆلان چەند شەوێنەوارێكیان دۆزیوەتەوە كە دەریدەخەن مرۆڤەكانی ئەو ناوچەیە هەر زوو دەستیان بە چاندنی دانەوێڵە كردووە و دەستبەرداری ژیانی كۆچەریی بوون و شوێنی نیشتەجێبوونیان دروست كردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەپاڵ ئەوەشدا بەپێی شوێنەوارەکە، گەچ بەکارهێنراوە و کەرستەی بینازاسی دۆزراوەتەوە، لەو بارەیەوە دارابی ئەوەی خستووەتە روو، هەوڵ دەدەن ئەو دۆزینەوە نوێیە لە ئاستی جیهانیدا تۆمار بکەن.
مێژووی زیاتر لە 11 هەزارەی کشتوکاڵ لە خاکی کوردستان و خەرابڕەشک - گرێ ناڤۆکێ "گۆبەکلیتەپە"
دۆزینەوەی کشتوکاڵ و تەمەنی زیاتر لە 11 هەزار ساڵەی لە خاکی کوردستاندا نوێ نییە، لە شوێنەواری مێژوویی گرێ ناڤۆکێی باکوری کوردستان کە ناوە تورکییەکەی "گۆبەکلیتەپە"یە، چەندین ئاماژەی کشتوکاڵکردن و کاری هەرەوەزی لەلایەن مرۆڤەکانی ئەو سەردەمەوە دۆزراونەتەوە.
خاڵی سفری ژیان یان دەستپێکی مێژوو
خەرابڕەشک - گرێ ناڤۆکێ و بە تورکی گۆبەکلیتەپە، ئەو شوێنەوارەیە کە دەکەوێتە دامێنی زنجیرەچیای تۆرۆس لە شاری رحای باکووری کوردستان "ئورفا"، خەرابڕەشک مێژوویەکی 12 هەزار ساڵەی هەیە، بۆیە پێی دەوترێت "خاڵی دەستپێکی مێژوو"، بە رەحاش دەوترێت "خاڵی سفری ژیان".
ئەگەرچی خەرابڕەشک لە ساڵی 1963دا دۆزراوەتەوە، بەڵام لە ساڵی 1994دا دەست کراوەبە توێژینەوە و هەڵکۆڵین تیایدا، کە تەنها لەو 31 ساڵەدا، توانراوە چەندین شوێنەواری گرنگی لێ بدۆزرێتەوە کە سەرجەمیان بە کۆنترین لە مێژوودا ناودەبرێن، گرنگترینیشیان، بوونی ساڵنامە و کشتوکاڵ و پەرتسگا و سیمبولی چەندین زیندەوەر بووە.
یونسکۆ لە ساڵی 2018دا خەرابڕەشکی وەک میراتی جیهانی تۆمار کرد و ئاماژەی بەوەکرد، یەکێکە لە کۆنترین مۆنۆمێنتی هونەریی تەلارسازی لە جیهاندا.
لەبارەی گۆبەکلیتەپەوە پ. د. نەجمی کاروڵ سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسی گۆبەکلیتەپە رایگەیاندووە، ماوەی جەندین ساڵە لێکۆڵینەوە لەم شوێنە مێژووییەدا بەردەوامە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە چەند بەشێکی شوێنەکە، پێویستە کارکردن و هەڵکۆڵینەکان بە وردی ئەنجام بدرێن، بۆیە رەنگە هەڵکۆڵینی بەشێکی شوێنەکانی زیاتر لە 100 ساڵ بخایەنێت.
دوو ساڵ بەر لە ئێستاش نووسینگەی راگەیاندنی زانکۆی ئیدینبرەی بەریتانی رایگەیاند، لە دۆزینەوەیەکی نوێدا لە شوێنەواری مێژوویی گۆبەکلیتەپەی باکوری کوردستان، ساڵنامەیەکیان دۆزیوەتەوە، کە دەتوانن بە کۆنترین ساڵنامەی مێژوو ناوی ببەن، کە تیایدا ساڵێک بە 365 رۆژ و 12 مانگ و 11 رۆژی زیادە دانراوە. لەوبارەیەشەوە مارتن سویتمانی توێژەری بەریتانی ئەوەی خستووەتە روو، لە دزۆینەوەکەدا ئەوەیان بینیوە سێ کۆمەڵە ستوون هەن، کە لە هەر کۆمەڵەیەکدا چەند ستوونێک لەشێوەی سیستمی خۆر، بە شێوەی بازنەیی بە دەوری دوو ستوونی دیکەدا دروستکراون، کە لەسەر ستوونەکانی کۆمەڵەکان هێما و سمبولی دیاریکردنی رۆژ و وەرز دەبینرێت.
لە گرنگترین ئەو هێمایانەی لە خەرابڕەشک هەن، کاری هەرەوەزی و کشتوکاڵ و هێمای تەلارسازی و وێنەی چەندین باڵندە و ئاژەڵ و پەلەوەر و خشکۆن، لە دیارترینی زیندەوەرەکانیش کۆمەڵەی شیردەرەکان و "کەو"ـە.
جگە لەوەش تۆمارکردنی رووداوی مێژوویی وەک بەرکەوتنی نەیزەک بە زەوی و گۆڕانی رەوتی ژیان لەو شوێنەوارەدا هەیە، کە لە ساڵی 2017دا توێژەران بڵاویانکردەوە، هێماکان روداوی فەلەکناسین وەک ئەوەی ئاماژە بەوە بدەن 13 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا نەیزەک بەر زەوی کەوتووە و رەوتی ژیان گۆڕاوە.
خاکی ئەدەن
هەندێک سەرچاوەکان گریمانەیەک باس دەکەن و بە خاکی ئەدەن ناوی دەبەن، واتە خاکی ئادەم و حەوا، بەشێکیشیان بە خاکی پێگەمبەران ناوی دەبەن، چونکە کۆنترین پەرستگای لێ دۆزراوەتەوە، کە ئەمەیان گریمانە نییە و بەڵگەییە.