دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق ئەمڕۆ بۆ یەكلاكردنەوەی سێ سكاڵای هەستیار لەسەر چارەنووسی پەرلەمان و دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان کۆبووەوە و سکاڵاکەی عەلی حەمەساڵحیشی رەتکردەوە.
دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق ئەمڕۆ کۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی سێ سكاڵای دەستووریی كە كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر پێگەی یاسایی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان هەیە.
هاوکات، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سكاڵای یەكەم لە لایەن عەلی حەمەساڵحەوە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كراوە، کە داوای ئەوە دەكات خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەهۆی كۆتاییهاتنی وادەكەیەوە بكرێتە 'كاربەڕێكەر' ، بەڵام دادگا سکاڵاکەی رەتکردەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە رێبوار ئەورەحمان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرای عیراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوو سكاڵای دیكەش لە لایەن پەرلەمانتارانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، رێبوار ئەورەحمان و ئەكبەر غەریب، لە دژی سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆمار كراون، بە هۆکاری ئەوەی ماوەی كاركردنی بەسەرچووە و دەبێت دەسەڵاتەكانی لێبسێنرێتەوە، بەڵام دادگا ئەو داوایەشی دواخست بۆ 14ـی 12ـی 2026.
سكاڵاكاران دووپاتی دەكەنەوە تەمەنی یاسایی حكومەت و پەرلەمان بەسەرچووە و دەبێت سەرجەم بڕیارەكانیان رابگیرێن و تەنها وەك كاربەڕێككەر مامەڵە بكەن.