پەیامنێری کوردستان نیوز لە بەغداد، بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی باڵای نێو حکومەتی عیراق ئاشکرای کرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق زۆر لێک نزیک بوونەتەوە لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر داهاتەکانی باج و رسومات، لەگەڵ یەکلابوونەوەی داهاتی گومرگیش.
سەرچاوەکەی حکومەتی عیراق ئاماژەی بەوەداوە، "72 سەعاتی داهاتوو یەکلاییکەرەوە دەبێت لەبەردەم هەرێم و بەغدا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن."
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان نیوز، لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوودا، کە لە نێوان وەفدی هەرێم و لیژنە یاساییەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەڕێوەچوو، گفتوگۆی چڕ و بەرهەمدار ئەنجام درا و هەنگاوی جددی نرا لەبارەی داهاتە نانەوتییەکانەوە.
دابەشکردنی داهاتی باج و رسومات:
داهاتی باج: هەردوو لا گەیشتوونەتە رێککەوتن لەبارەی داهاتی باجەوە، بە جۆرێک داهاتی باجی حکومەتی هەرێم و داهاتی باجە فیدڕاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە نیوەیی لە نێوان هەردوو لادا دابەش بکرێت. ئەم لێک تێگەیشتنە پەسەندکراوی لیژنە یاساییەکەیە و تەنها رەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عیراقی ماوە.
داهاتی رسومات: وەفدی باڵای حکومەتی هەرێم پێشنیاری کردووە کە تەواوی داهاتی رسوماتی هەرێمایەتی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، و داهاتی رسوماتی فیدڕاڵییەکانیش لە هەرێمی کوردستان، 50% بە 50% بێت. بەپێی وتەی سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی عیراق، ئەم پێشنیارە لەلایەن لیژنە یاساییەکەوە پەسەند کراوە و تەنها رێککەوتنی رەسمی ماوە.
چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوت:
سەرچاوەکەی حکومەتی عیراق رایگەیاندووە، یەکێک لە گرفتە گەورەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم چارەسەر کراوە. ئەمەش بریتییە لە گۆڕینی بڕگەیەکی نێو رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان. پێشتر کۆمپانیا نەوتییەکان بەپێی یاسایەکی تایبەت سکاڵایان لە دەرەوەی عیراق تۆمار دەکرد، بەڵام لەمەودوا کۆمپانیاکان بەپێی یاسای عیراقی سکاڵای خۆیان تۆمار دەکەن و دادگای عیراقیش کەیسەکە لە نێوان کۆمپانیاکان و لایەنی بەرامبەر یەکلایی دەکاتەوە.
ئەمە وەک خاڵێکی گرنگ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبینرێت و لێک تێگەیشتنی لەسەر دروست بووە، لەگەڵ رەزامەندی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکانیش.
کۆبوونەوە و بڕیارە یەکلاکەرەوەکان:
پەیامنێری کوردستان نیوز زانیاریی تایبەتی دەستکەوتووە کە سبەی یەکشەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق، لەگەڵ عەلی فەوزی، سەرۆکی لیژنە یاساییەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆدەبێتەوە و راپۆرتی لیژنە یاساییەکە دەخرێتە بەردەم سەرۆکوەزیران. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عیراق راپۆرتی لیژنە یاساییەکە پەسەند بکات، رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، رێککەوتنی هەرێم و بەغدا دەبردرێتە نێو کۆبوونەوەکە و دەنگی لەسەر دەدرێت.