لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩١، فەڕەنسا دەستی باڵای ھەبوو لە دانانی پڕۆژە بڕیاری راگەیاندنی ناوچەی ئارام و دروستکردنی ناوچەی دژەفرین لە کوردستان، کە راگرتنی ھێرشەکانی رژێمی بەعس بۆ سەر گەلی کورد لێکەوتەوە.

فەرنسا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ بەشدار بوو لە پڕۆسەی ئازادیی عێراق و رووخانی رژێمی بەعس، کە دوای ئەو پڕۆسەیە و دروستبوونی حکوومەتی نوێ لە عێراق، پەیوەندییەکانی فەڕەنسا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و گەلی کورد، گەشەیانکرد و چوونە قۆناغێکی نوێ.

ساڵی ٢٠١٤، کە گروپی تیرۆریستی داعش سەریھەڵدا، ھاوپەیمانیەکی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا راگەیاندرا و فەڕەنسا بەشدارییەکی کارای لە ھاوپەیمانییەکەدا کرد، بەجۆرێک پاریس بە ١٦ فڕۆکەی جەنگی و ناردنی گەشتیگەلی شارل دیگۆل بە ١٢ فڕۆکەوە بۆ ئاوەکانی کەنداو، لەگەڵ ناردنی دەیان راوێژکار و راھێنەری سەربازیی بۆ ھەولێر بۆ مەشقکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە، بەشداری شەڕی لە دژی داعش کرد.

ساڵی ٢٠١٧ و دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، فەڕەنسا دژی پڕۆسەکە بوو، بەڵام لە دوای گەمارۆکانی سەر ھەرێم لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە، فەڕەنسا یەکەم وڵات بوو دەرگای بە رووی ھەرێمی کوردستاندا کردەوە.

جگەلەوەش ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا پەیوەندییەکی دیبلۆماسی بەھێزیان ھەیە و  فەڕەنسا کونسوڵخانەی لە ھەولێر ھەیە و بۆ یەکەمجاریش لە ١ی ئازاری ٢٠٠١، نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پاریس کرایەوە، لە چوارچێوەی پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانی ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا، فرانسۆ ئۆلاند سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا دوو جار لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤ و کانوونی دووەمی ٢٠١٧، سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد، ساڵی رابردووش ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئەو وڵاتە و کاندیدی بەھێز بۆ بوونەوە بە سەرۆکی فەڕەنسا، سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد.

لە پەیوەندییەکانی کورد و فەڕەنسادا، ژنێک ھەیە کە ناکرێت رۆڵی نادیدە بگیرێت، ئەویش دانیال میتەرانە کە بە دایکی کورد ناودەبرێت و لەگەڵ فرانسوا میتەرانی ھاوسەری و سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا، ھاوکارییەکی زۆری گەلی کورد و دۆزی کوردیان کردووە و لە ساڵی ١٩٩٢دا سەردانی کوردستانی کردووە.