براکۆ شێرکۆ فاتیح دەڵێت؛ داوامان کردووە تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران تاوانەکانی تری دژ بە گەلی کورد لە کتێبی تاوانەکانی رژێمی بەعسی روخاودا بچەسپێندرێن.
براکۆ شێرکۆ فاتیح، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان داواکاریەکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کرد، سەبارەت بەو کتێبەی کە وەزارەتی پەروەردەی عیراق دەریکردوە بۆ پۆلی چواری ئامادەیی دەربارەی تاوانەکانی رژێمی حزبی بەعسی رووخاو.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکطێبەکەدا هیچ ئاماژەیەک بەو تاوانانە نەکراوە کە حزبی بەعس بەرانبەر بە گەلی کورد کردویەتی بۆیە داوایان کردووە کە پێداچوونەوە بەو کتێبەدا بکرێت و تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و تاوانەکانی تری دەرحەق بە گەلی کورد لە مێژوودا بچەسپێندرێت و رۆڵەکانی داهاتوو مێژوو وەکو خۆی بخوێننەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرای عیراق ئەوەشی خستەڕوو، سوپاسی سەرجەم سەرۆک فراکسیۆن و پەرلەمانتارە کوردەکان و بەشێک لە پەرلەمانتارە عەرەبەکان دەکات کە هاتن بەدەم داواکاریەکەیانەوە و پشتیوانیان کردن.