وەزیری نەوتی عیراق بەگەڕخستنەوەی ڕێڕەوی کۆنی بۆریی نەوتی عیراق–تورکیای لە کەرکووک راگەیاند، کە لە قۆناغی یەکەمدا رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردە دەکات.
ئەمڕۆ هەینی 27ی تشرینی دووەمی 2027، باسم محەمەد خزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عیراق لە پارێزگای کەرکووک وێستگەی پاڵنانی (IT1)ی کردەوە، کە بە دەستپێکی دووبارە کارپێکردنەوەی بۆریی نەوتی عیراق–تورکیا دادەنرێت دوای ئەوەی بۆ ماوەی 12 ساڵ راگیرابوو.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوت، پرۆسەی گواستنەوەکە لە رێگەی بۆرییەکی 46 گرێییەوە لە وێستگەی (IT1) بەرەو وێستگەی (IT1A) و پاشان بۆ وێستگەی پێوانەکردن (MS) ئەنجام دەدرێت. لە قۆناغی یەکەمدا توانای هەناردەکردنی 300 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا و دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی وێستگەی دووەم، تواناکەی بۆ 500 هەزار بەرمیل بەرز دەکرێتەوە.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆژەکە بە تەواوی لەلایەن ستاف و ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای پرۆژە نەوتییەکانەوە نۆژەن کراوەتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی عیراق و بەهێزکردنی ژێرخانی وزە هەژمار دەکرێت.