قوباد تاڵەبانی، پیرۆزبایی یادی لەدایکبوون لە نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێت، "ئەمڕۆ من ئەمە بۆ سەرۆک نانووسم؛ بەڵکو بۆ هاوڕێیەکی زیاتر لە بیست ساڵەم دەنووسم، ئەم هاوڕێیەتییە پێش ئەوەی بەدەستی بهێنم بۆم ماوەتەوە، بەردەوامیی و درێژکراوەی ئەو هاوڕێیەتی و پەیوەندییە قووڵەیە کە لەگەڵ سەرۆک مام جەلالدا هەتبوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی ساڵەکان هاوڕێیەتییەکە بە تەواوی بووە هی خۆمان".

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: یادی لەدایکبوون تەنها وێستگەیەکە لە ژیاندا و ژیانی جەنابیشت پڕە لە وێستگەی زۆر گرنگ و کاریگەر بۆ کوردستان، بۆ حیزبەکەت، بۆ خێزانەکەت و بۆ هەموو ئێمەش کە بەشێک لەم ڕێگەیەمان لەگەڵتدا بڕیوە. ئەمانە ئەو دەستکەوتانەن کە دەبێت شانازییان پێوە بکەیت و ئێمەش بە رێز و شکۆوە لێی دەڕوانین.

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی

برای زێدە ئازیز کاک نێچیرڤان،

یادی لەدایکبوونت پیرۆز بێت، هاوڕێی خۆشەویستم.

پۆست و نازناوەکان دێن و دەڕۆن - سەرۆکی هەرێم، سەرۆکوەزیران... - و تۆ بەرزترینەکانیانت بە سەربەرزییەوە هەڵگرتووە. بەڵام ئەمڕۆ من ئەمە بۆ سەرۆک نانووسم؛ بەڵکو بۆ هاوڕێیەکی زیاتر لە بیست ساڵەم دەنووسم.

ئەم هاوڕێیەتییە پێش ئەوەی بەدەستی بهێنم بۆم ماوەتەوە، بەردەوامیی و درێژکراوەی ئەو هاوڕێیەتی و پەیوەندییە قووڵەیە کە لەگەڵ سەرۆک مام جەلالدا هەتبوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی ساڵەکان هاوڕێیەتییەکە بە تەواوی بووە هی خۆمان.

لەناو ئەو هەموو قەیران و ساتە ئەستەم و رۆژە ناخۆشانەی کە پێکەوە پێیدا تێپەڕبووین، ئەگەر هاوڕێیەتییەکەمان راستەقینە و لەسەر بنەمای متمانەیەکی تەواو نەبایە، بە ئاسانی دەکرا ئەم هاوڕێیەتییەمان بپچڕێت. بەڵام پێکەوە بەسەر سەختی و ناخۆشییەکان، هەوراز و نشێوییەکاندا زاڵ بووین و هاوڕێیەتیمان پتەوتر و شکۆدارتر بوو. ئەمڕۆ زیاتر لە هەر شتێکی تر سوپاسگوزاری ئەم هاوڕێیەتییە شکۆدارەم.

یادی لەدایکبوون تەنها وێستگەیەکە لە ژیاندا و ژیانی جەنابیشت پڕە لە وێستگەی زۆر گرنگ و کاریگەر بۆ کوردستان، بۆ حیزبەکەت، بۆ خێزانەکەت و بۆ هەموو ئێمەش کە بەشێک لەم ڕێگەیەمان لەگەڵتدا بڕیوە. ئەمانە ئەو دەستکەوتانەن کە دەبێت شانازییان پێوە بکەیت و ئێمەش بە رێز و شکۆوە لێی دەڕوانین.

هیوای تەندروستی، بەختەوەری و تەمەندرێژیت بۆ دەخوازم. دڵنیام کە چەندین وێستگەی دیکەی گرنگ لە ژیانتدا تۆمار دەکەیت و ئێمەش شانازی دەکەین کە وەک هەمیشە برا و هاوڕێ و هاوکار و پشتیوانت بین.

لەگەڵ رێز و خۆشەویستییەکی قووڵدا

برا و هاوڕێتان

قوباد تاڵەبانی