بانكی ناوەندیی سوریا پڕۆسەی گۆڕینەوەی دراوی كۆن بە دراوی نوێی لە سێ پارێزگای رۆژهەڵاتی وڵاتەكە تا 20ی ئاب درێژكردەوە.

سەفوەت رەسڵان، پارێزگاری بانكی ناوەندیی سوریا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە، بڕیاریان داوە پڕۆسەی گۆڕینەوەی دراوە كۆنەكانی وڵاتەكە بە دراوی نوێ لە پارێزگاكانی حەسەكە و رەققە و دێرەزوور تا 20ی ئاب درێژ بكەنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی لقەكانی بانكی ناوەندیی سوریا و ناوەندەكانی دامەزراوەی پۆستەی سوریاوە تا ئەو رێكەوتە دراوە كۆنەكانیان رادەست بكەن و دراوی نوێ وەربگرن.

جەختیشی كردەوە، ئەوان لە كاریگەرییەكانی قۆناغەكە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان تێدەگەن و بە بەرپرسیارێتی خۆیانی دەزانن لە واقیعەوە نزیك بن و بەدواداچوون بۆ پێویستییەكانی هاووڵاتییان بكەن.