توركیا و عیراق گفتوگۆ لەسەر دابینكردنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا لە عیراق دەكەن
هەساو ئەمیر
٥ی ئابی ٢٠٢٦
عیراق و توركیا لە گفتوگۆدان لەسەر چەند پرۆژەیەكی گرنگ، لە ناویشیاندا هاوردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا.
ئەلب ئەرسەلان بەیرەقدار وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا رایگەیاند، وڵاتەكەی لەگەڵ عیراق دانوستاندان لەسەر چەند پڕۆژەیەك، یەكێ لەپرۆژەكانیش: دابینكردنی غازە بۆ وێستگەكانی كارەبای عیراق بە بەكارهێنانی ژێرخانی توركیا بۆ پڕكردنەوەی بەشێك لە پێداویستییەكانی سوتەمەنی.
ئاماژەی بەوەش كرد، توركیا تاوتوێی دروستكردنی بۆرییەكی غاز دەكات لەسەر هێڵی نەوتی پێشنیازكراو بۆ بەسڕە، كە ئەم پڕۆژەیە ڕێگە بە گواستنەوەی غازی قەتەر و وڵاتانی تری كەنداو دەدات لە رێگەی عیراقەوە بۆ توركیا و پاشان بۆ بازاڕەكانی ئەوروپا.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لە یەكی ئەم مانگەدا، هەریەك لە عیراق و توركیا رێككەوتنێكیان بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو بە بڕی كەمترین 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا ئیمزا كرد.



