بەلیغ ئەبو کلەل، سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عیراق رایگەیاند، ئامارەکان سەرکەوتنی پلانی نیشتمانیی پەیوەندییەکان دەسەلمێنن کە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە میانی زیارەتی چلەدا جێبەجێ کرا.
ئەبو کلەل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: لە ماوەی نێوان 21ی تەمووز تا 4ی ئابی 2026، کۆی گشتیی پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئەنجامدراوەکان لە پارێزگای کەربەلا گەیشتووەتە 208.4 ملیۆن پەیوەندی، کە بەسەر (205.6) ملیۆن پەیوەندیی ناوخۆیی و (2) ملیۆن پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا دابەش بوون.
هەروەها کۆی گشتیی کورتە نامەکان (SMS) گەیشتووەتە 25.6 ملیۆن نامە (21.3 ملیۆن ناوخۆیی و 4.2 ملیۆن نێودەوڵەتی).
سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەکە روونیشی کردەوە: قەبارەی هێڵی ئینتەرنێت و داتای ئاڵوگۆڕکراو لە رێگەی تۆڕەکانەوە گەیشتووەتە 30.5 هەزار تیرابایت، کە ئەمەش توانای ژێرخانی تۆڕەکانی پەیوەندی دەردەخات لە لەخۆگرتنی ملیۆنان بەکارهێنەر و پاراستنی کوالیتیی خزمەتگوزارییەکان.
سەبارەت بە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەپڵیکەیشنی "تیک تۆک" لە پلەی یەکەمدایە بە قەبارەی 4.3 هەزار تیرابایت داتا، دوای ئەویش:
ئینستاگرام: 2.9 هەزار تیرابایت
فەیسبووک: 2.5 هەزار تیرابایت
یووتیووب: 1.2 هەزار تیرابایت
واتسئەپ: 867 تیرابایت
تێلیگرام: 376 تیرابایت