لە هەولێر دوو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکرا
دیلان
١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بۆ یەکەمین جار لەمساڵدا، وەزارەتی تەندروستی هەرێم تۆمارکردنی دوو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر راگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، تووشبووەکان باوک و کوڕێکن (تەمەن 71 و 29 ساڵ) و دانیشتووی گەڕەکێکی شاری هەولێرن، هۆکاری تووشبوونەکەشیان بۆ سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵەکەیاندا لە دوو هەفتەی رابردوودا دەگەڕێتەوە، کە بەهۆیەوە بەرکەوتنیان لەگەڵ دەرهاویشتە و پێکهاتەکانی ئاژەڵە تووشبووەکەدا هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەرکەوتنی نیشانەکان و سەردانیکردنی نەخۆشخانە، گومانیان لێکراوە و سەرجەم رێکارە پزیشکییەکان و پشکنینی پشتڕاستکردنەوەیان بۆ کراوە، لە ئێستاشدا هەردووکیان لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان، رەوشی تەندروستی یەکێکیان تا رادەیەک جێگیرە، بەڵام تووشبووەکەی دیکە تەندروستیی ناجێگیرە.
راشیگەیاند، لە ماوەی رابردوودا چەندین حاڵەتی گومانلێکراو لە هەرێمی کوردستان سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، بەڵام دوای بەدواداچوون و پشکنین تەنها ئەم دوو حاڵەتە بە رەسمی پشتڕاستکراونەتەوە، هاوکات دوو حاڵەتی دیکەش کە دانیشتووی شارەکانی دەرەوەی هەرێمن، بۆ وەرگرتنی چارەسەر روویان لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا، وەزارەتی تەندروستی هەرێم داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لەکاتی تێبینیکردنی هەر نیشانەیەکی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە و بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.



