ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات، تێیدا سێ بڕگەی گرنگ و پەیوەندیدار بە ژیانی هاووڵاتیان و جوتیاران تاوتوێ دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم کارنامەی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە، بەپێی کارنامەکە دۆسیەی گەنمی جوتیاران و خانەنشینی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و رێکخستنەوەی سەبەتەی خۆراک تاوتوێ دەکرێت.

بڕگەی یەکەم؛ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ ئەمساڵ، لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو گرفتانەی هاتوونەتە پێش بەغداد و هەولێر لەم دۆسیەیەدا.

بڕگەی دووەم؛ بڕیاردان لەسەر پرسی خانەنشینکردنی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم کە مەرجە یاساییەکانی تەمەن و ساڵانی خزمەتیان تێدایە.

بڕگەی سێیەم؛ تاوتوێکردنی بڕیاری راگرتنی سوودمەندبوونی خاوەن داهاتە باڵاکان لە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراکی ناوەندی (کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عیراقەوە دابین دەکرێت)، بە مەبەستی کورتکردنەوە و تایبەتکردنی تەنها بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە داهاتیان سنووردارە.