ئەمریکا و ئێران نزیکدەبنەوە لە ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی مێژوویی بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ
محەمەد رزگار
١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی "بلومبێرگ"ی ئەمریکی، چاوەڕوان دەکرێت لە 19ـی حوزەیراندا، ئەمریکا و ئێران بە شێوەیەکی رەسمی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە وڵاتی سویسرا ئیمزا بکەن. ئەم هەنگاوەش رێگە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی چڕوپڕی 60 رۆژە بە مەبەستی کۆتایهێنانی یەکجارەکی بە جەنگی نێوانیان و سەپاندنی سنوردارکردنی توند و نوێ بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا.
میدیا ئەمریکییەکە دەقی رەشنووسی یاداشتنامەکەی بڵاوکردووەتەوە کە لە 14 خاڵی سەرەکی پێکهاتووە.
خاڵەکانی رەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتۆن و تاران:
یەکەم، راگرتنی دەستبەجێی شەر: بە ئیمزاکردنی ئەم یاداشتە، ئێران و ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە جەنگی ئێستادا، راگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی شەڕ لە سەرجەم بەرەکانی رووبەڕووبوونەوە، بە لوبنانیشەوە، رادەگەیەنن، هەردوولا بەڵێندەدەن هیچ کارێکی دوژمنکارانە دژ بە یەکتر ئەنجام نەدەن و خۆیان لە هەڕەشەکردن یان بەکارهێنانی هێز بەدوور بگرن.
دووەم، رێزگرتن لە سەروەریی خاک: ئەمریکا و ئێران پابەند دەبن بە رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی یەکتر، و خۆیان لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر دەپارێزن.
سێهەم، مۆڵەتی گفتوگۆکان: هەردوولا بەڵێندەدەن لە ماوەی بەرزترینیدا کە 60 رۆژە بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەم ماوەیەش بە رەزامەندی هەردوولا ئەگەری درێژکردنەوەی هەیە.
چوارەم، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و کشانەوەی هێزەکان: دەستبەجێ دوای ئیمزاکردنی یاداشتەکە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەر ئێران هەڵدەگرێت و رێگری لە هەر ئاستەنگێک دەکات، بە جۆرێک لە ماوەی 30 رۆژدا هاتوچۆی دەریایی بۆ رەوشی ئاسایی پێش جەنگ دەگەڕێتەوە، هەروەها ئەمریکا پابەند دەبێت بە کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچە نزیکەکان لە ماوەی 30 رۆژدا دوای رێککەوتنی کۆتایی.
پێنجەم، ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە کەنداو: ئێران دەستبەجێ رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوەوە بۆ دەریای عومان و بەپێچەوانەشەوە لە ماوەی 30 رۆژدا، ئەمەش لەگەڵ پاککردنەوەی مینەکان و لادانی ئاستەنگە تەکنیکییەکان لەلایەن تارانەوە.
شەشەم، پلانێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران: واشنتۆن بە هاوکاری هاوبەشە هەرێمییەکانی، پلانێکی گشتگیر و پەسەندکراو لەلایەن هەردوولاوە بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابوری ئێران دادەنێت، بە گرەنتی تەرخانکردنی بودجەیەک کە لە 300 ملیار دۆلار کەمتر نەبێت.
حەوتەم، هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە کۆتایهێنان بە سەرجەم جۆرەکانی سزای سەر ئێران (سزای یەک لایەنە، سەرەکی و لاوەکی)، بەپێی خشتەیەکی زەمەنی کە لە رێککەوتنی کۆتاییدا دیاری دەکرێت، لەوانەش بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.
هەشتەم، بەرنامە ئەتۆمییەکە: ئێران دووبارە جەخت دەکاتەوە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت، چارەنووسی مادە پیتێنراوەکان و سەرجەم دۆسیە ئەتۆمییەکانی تر لە رێککەوتنی کۆتاییدا یەکلایی دەکرێنەوە.
نۆیەم، تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی: رەوشی ئێستا وەک خۆی دەمێنێتەوە؛ ئێران پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی نادات و ئەمریکاش چیدی سزای نوێ ناسەپێنێت و هێزەکانی لە ناوچەکەدا زیاد ناکات.
دەیەم، ئاسانکاری بۆ هەناردەی نەوتی ئێران: لە دوای ئیمزاکردنی یاداشتەکەوە تا کاتی هەڵگرتنی سزاکان، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بڕیاری تایبەت بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران، بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان و سەرجەم خزمەتگوزارییە بانکی و گواستنەوەکان دەردەکات.
یانزەیەم، ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان: ئەمریکا بەڵێندەدەن سەرجەم سەرچاوە دارایی و داراییە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکات بۆ ئەوەی بە تەواوی لەلایەن بانکی ناوەندی ئێرانەوە بەکاربهێنرێن.
دوانزەیەم، میکانیزمی چاودێری: هەردوولا رێکدەکەون لەسەر دروستکردنی میکانیزمێکی جێبەجێکردن بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی رێککەوتنی کۆتایی.
سیانزەیەم، قۆناغی گفتوگۆی کۆتایی: دوای وەرگرتنی گرەنتی لەسەر دەستپێکردنی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ( 4،5،10،11) ، ئەمریکا و ئێران دەچنە قۆناغی گفتوگۆ تەنها بۆ یەکلاییکردنەوەی خاڵەکانی دیکەی رێککەوتنی کۆتایی.
چواردەیەم و کۆتایی، پەسەندکردنی نێودەوڵەتی: رێککەوتنی کۆتایی لە رێگەی بڕیارێکی پابەندکەرەوە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند دەکرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.



