رۆیتەرز: ڤانس و قالیباف پێدەچێت رۆژی یەکشەممە رێککەوتنەکە لە ژنێڤ ئیمزا بکەن
سەوسەن سەید
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
ئاژانسی رۆیتەرز لە سەرچاوەیەکی رۆژئاوایی ئاگادارەوە، ئەمڕۆ شەممە، گواستییەوە، کە ئەگەر هەیە لە زووترین کاتدا و لە رۆژی یەکشەممەدا، رێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لەلایەن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە واژۆ بکرێت، بەوپێیەی شاری جنێڤ وەک شوێنی واژۆکردنەکە دەستنیشان کراوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، چەندین سەرچاوەی ئاگادار بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە رەشنووسی مەرجەکانی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، دەستپێکردنی ئازادکردنی ملیاران دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لەلایەن واشنتنۆنەوە و هەڵگرتنی سزاکانی سەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران لەخۆدەگرێت، لە بەرانبەر دووبارە کردنەوەی گەروی هورمز.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردوە کە: بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ماوەی دانوستانێکدا کە ٦٠ رۆژ دەخایەنێت تاوتوێ دەکرێت، هەروەها ئەوەشیان خستووەتەڕو کە: پێشنیارەکان تاوتوێکردنی قەرەبووی ئەگەری بۆ ئێران بەهۆی شەڕەوە، و دەستبەرداربوون لە داواکارییە کۆنەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سنووردارکردن بەسەر بەرنامەی موشەکیی ئێراندا دەگرێتەوە.
لەلایەکی ترەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ رۆیتەرز راستی ئەم پێشنیارانەی رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە: هیچ پارەیەک بۆ ئێران ئازاد ناکرێت تاوەکو مەرجەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە گەروی هورمز بە کراوەیی دەمێنێتەوە و ئێران هیچ داراییەک پێشکەش بەو گروپانە ناکات کە واشنتۆن وەک تیرۆریست پۆلێنیان کردوون، و رایگەیاند کە تاران رەزامەندی لەسەر ئەوە دەربڕیوە.
لەلایەن خۆشییەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل رایگەیاند کە ئیسرائیل پێشبینی دەکات ئازادیی جووڵە بۆ خۆی بپارێزێت بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەوەی کە وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی دایئەنێت.



