وەزیری بەرگریی بەریتانیا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگـەیـاند
سەوسەن سەید
١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
جۆن هیلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە رەسمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند، ئەمەش بەهۆی هەبوونی ناکۆکی لەگەڵ کێر ستارمر، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە لەسەر قەبارەی خەرجییە سەربازییەکان.
هیلی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پلانە داراییەکەی ستارمر بۆ وەبەرهێنانی بەرگری (DIP)، زۆر کەمترە لەوەی کە بۆ پاراستنی وڵات لەم قۆناغە مەترسیدارەدا پێویستە.
وەزیری بەرگریی دەستلەکارکێشاوە رونیکردەوە، لە کاتێکدا کە پێویستییەکی بەپەلە بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی شەڕکەری سوپا لە دوو ساڵی داهاتوودا هەیە، بەڵام ئەو پلانە داراییە پشتگیرییەکان دوا دەخات و تا ساڵی 2030 رێژەی خەرجییە سەربازییەکان تەنها دەگەیەنێتە 2.68٪ ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی.



