وەزارەتی نەوتی عیراق، ئەمڕۆ شەممە، بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی بەنزینی بۆ 40ملیۆن لیتر لە رۆژێکدا راگەیاند، بەمەبەستی پڕکردنەوەی ئەو داواکارییە زۆرەی کە لەسەریەتی.

حسێن تالیب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت، بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاند: کۆمپانیاکە رێکاری پێشوەختی گرتووەتەبەر بۆ دابینکردنی کۆگای ستراتیژی لە بەرهەمە نەوتییەکان و غاز، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی رێنماییەکانی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، بۆ ئامادەکاری لەو ماوانەی کە داواکاری لەسەر سووتەمەنی زیاد دەکات، بەتایبەتی لە کاتی پشوو و بۆنەکاندا.

تالیب رونی کردەوە کە: ئەو بەنزینە موحەسەن و بەنزینە ئاساییەی کە بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیی دەخرێتە روو، لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن، ئاماژەی بەوەش کرد کە: ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستدایە بەسە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ.

ناوبراو راشیگەیاند: کۆمپانیاکە لە رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا روبەڕووی زیادبوونێکی بەرچاو لە داواکاری لەسەر سووتەمەنی بووەوە، ئەوەش بەهۆی جووڵە و گەشتکردنی خێزانەکان، وە ئاماژەی بەوە دا کە: کۆمپانیاکە بڕی زیادەی دابینکردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستییە گەشەسەندووە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە: کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان رۆژانە نزیکەی 33 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی دەخاتە روو، لای خۆشیەوە رایگەیاند کە: بڕی غازی خراوەڕوو لە ماوەی دوو رۆژدا بۆ 40 ملیۆن لیتر لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە، بە ئامانجی پڕکردنەوەی داواکارییە زیادبووەکان و دەستەبەرکردنی گەیاندنی سووتەمەنی بە هاووڵاتیان بە شێوەیەکی رێک و پێك و بێ دروستبوونی هیچ قەرەباڵغی و کێشەیەک.