وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد سبەی ئەنجام نادرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە تەواوکردنی لە چەند رۆژی داهاتوودا بە ئەگەرێکی کراوە دەمێنێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانەکانیدا، رایگەیاند: واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە سبەی نابێت، بەڵام بەدووریش نازانرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
لەلایەکی ترەوە زانیاریی زیاتری خستەڕو و وتی: یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لەم قۆناغەدا تیشک دەخاتە سەر کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەبێ ئەوەی باسی پرسی ئەتۆمی بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ شەممە، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان پێشبینی کردبوو رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ماوەی 24 کسەعاتدا کۆتایی پێبێت.
شەریف رایگەیاندبوو: پاکستان لە هەر کاتێک زیاتر نزیکە لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.
سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوەش کردبوو کە: ئەمریکا و ئێران لەسەر چوارچێوەی کار بۆ رێککەوتنی ئاشتی رێککەوتوون کە کۆتایی بە چەندین مانگ لە ململانێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت، و رونیشیکردەوە کە هەردوولا گەیشتوونەتە دەقی کۆتایی رێککەوتنەکە.
شەهباز شەریف ئەوەشی خستبووە روو کە وڵاتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی واژۆکردنی ئەلیکترۆنیی رێککەوتنی ئاشتییەکە کاتێک کارەکانی کۆتایی دێت، و ئاماژەی بەوەش کرد کە هەفتەی داهاتوو لە دوای تەواوبوونی پرۆسەی واژۆکردنی ئەلیکترۆنییەکە، دانوستانە تەکنیکییەکان بەڕێوەدەچن.