لە یادی 38 ساڵەی جینۆسایدی ئەنفالدا، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ تاوانی ئەنفال و هەموو تاوانەکانیتر کە لەسەر دەستی رژێمی بەعسی لەناوچوو لە حەقی گەلی کورددا کران، بەرهەمی زاڵبوونی عەقڵییەتی شۆڤێنی و دەسەڵاتی فاشیزم بوو لە عیراقدا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، خەباتی بەردەوام و ئامادەیی بەهێزمان لە ناوەندەکانی بڕیاری عیراقدا تەنها رێگەیە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانەکان و دابینکردنی مافە رەواکانمان.

 

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی

 تاوانی ئەنفال و هەموو تاوانەکانیتر کە لەسەر دەستی رژێمی بەعسی لەناوچوو لە حەقی گەلی کورددا کران، بەرهەمی زاڵبوونی عەقڵییەتی شۆڤێنی و دەسەڵاتی فاشیزم بوو لە عێراقدا. وەکچۆن بە خەباتی درێژخایەن و بە یارمەتیی هاوپەیمانان رژێمی بەعسمان لە گۆڕنا، ئێستاش بە ئامادەیی بەردەوام و بەهێزمان لە بەغدا و بە هاوکاریی دۆستان و هاوپەیمانەکانمان رێگە نادەین جارێکی تر بیری شۆڤێنی لە عێراقدا هەناسە بدات.

خەباتی بەردەوام و ئامادەیی بەهێزمان لە ناوەندەکانی بڕیاری عێراقدا تەنها رێگەیە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانەکان و دابینکردنی مافە رەواکانمان.

لەم رۆژەدا بە ڕێز و شکۆوە یادی ١٨٢ هەزار شەهیدی ئەنفال دەکەینەوە و سەری رێز لە ئاست کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراون دادەنوێنین.