ئەمریکا بۆ دڵنیاییدان بە بازرگانیی نەوت 20 ملیار دۆلار تەرخان دەکات
٨ی ئازاری ٢٠٢٦
ئاژانسی گەشەپێدانیی ئابوریی ئەمریکا رایگەیاند، حکومەتی ئەمریکا بڕی 20 ملیار دۆلاری وەک "دڵنیایی" بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە تەرخانکردووە، کە بەهۆی گرژییەکانی ناوچەی کەنداو و جەنگی دژ بە ئێران بەر کەشتییە بازرگانییەکان دەکەوێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە ئاژانسی دارایی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا کردووە، کە 'گەرەنتی دارایی' بۆ کەشتییە بارهەڵگرەکان دابین بکات، کە بەهۆی جەنگەوە هاتوچۆی تانکەرەکانی نەوت و غازی سروشتی لە گەرووی هورمز کە لە 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بە تەواوی پەکیکەوتووە.
هاوکات لەگەڵ پاڵپشتی دارایی، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، رەنگە هێزی دەریایی ئەمریکا وەک پاسەوان یاوەری کەشتییە بازرگانییەکان بکات.
بەڵام شارەزایان دەڵێن؛ جێبەجێکردنی ئەمە ئاسان نییە، چونکە بەشێکی زۆری کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا سەرقاڵی هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئێرانن، مەترسیی بەئامانج گرتنی کەشتییە جەنگییەکان لەلایەن موشەکەکانی ئێرانەوە لە ئارادایە.
لەلایەکی تریشەوە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، پلانی دڵنیایی 'بیمە' و یاوەریی سەربازیی، کێشەی گواستنەوەی وزە لە ناوچەکەدا چارەسەر دەکات، پێشبینیش دەکات لەماوەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتەدا گرژییەکان کۆتاییان پێبێت.
لە بەرانبەریشدا، بەشێک لە شارەزایانی کەرتی گواستنەوەی دەریایی ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەر ئاستی گرژییەکان زیاتر بێت، رەنگە تەنها پاڵپشتی دارایی بەس نەبێت بۆ قایلکردنی کۆمپانیا گەورەکان تا تانکەرەکانیان بنێرنە ناوچە مەترسیدارەکان.



