ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی شوبات، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بە رێژەی یەک دۆلار دابەزی. ئەم دابەزینە دوای ئەوە هات کە واشنتن و تاران رێککەوتن رۆژی هەینی لە وڵاتی عومان دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە، بەتایبەت لەبارەی دۆسیە ئەتۆمییەکەی ئێران.

لە بازاڕەکاندا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور یەک دۆلار دابەزی و بە 68 دۆلار و 47 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی تەکساسی ئەمریکی بۆ 64 دۆلار و 23 سەنت دابەزی، کە ئەوەش نزمبوونەوەی 91 سەنتی لە نرخەکەیدا بەخۆوە بینیوە.

ئەم گۆڕانکارییەی نرخەکان دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵی رێکنەکەوتنی هەردوولا لەسەر شوێن و بابەتی دانوستانەکان، نرخی نەوت بە رێژەی 3% بەرز ببووەوە. بەڵام رێککەوتنی نوێی هەردوولا بۆ کۆبوونەوەی رۆژی هەینی، کاریگەریی خێرای لەسەر ئاراستەی نرخەکان هەبوو.