باجی سەر هەناردەی هەرێم بۆ شارەكانی عیراق زیاد دەكرێت
هەژار
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەبڕیارێك باجی زیاتر دەخرێتەسەر ئەو شتومەكانەی لە هەرێمەوە هەناردەی شارەكانی ناوەڕواست و خوارووی عیراق دەكرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد كەوتووە، ئەو وەفدەی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی پرسی داهاتی ناوخۆ و باجە گومرگییەكان سەردانی بەغدادی كردبوو، لەبارەی رێكخستنەوە و بەستنەوەی خاڵە گومركییەكانی هەرێم بە عیراق، لەگەڵ حكومەتی عیراق نەگەیشتووەتە رێككەوتن و چاوەڕوانی پێكهێنانی ئەو لیژنەیە دەكات كە سێ مانگ بەرلەئێستا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی عیراقەوە بڕیاری پێكهێنانی درا بۆ یەكخستنەوەی پێناسەی گومرگیی هەرێم و عیراق، بەڵام تائێستا پێكنەهێنراوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد راشیگەیاند، بڕیاردراوە باجی زیاتر بخرێتەسەر ئەو شتومەكانەی لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق دەكرێن و پێویستە سەرجەم كۆمپانیا و كارگەكانی هەرێمی كوردستانیش داخڵی سیستمی ئیسكۆدا بكرێن و كۆدیان هەبێت، وتیشی، ئەو بڕیارانە لە یەكی 12ی ئەمساڵەوە جێبەجێ دەكرێن و ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقیش رەشنووسەكەی پەسەندكردووە كە تایبەتە بە زیادكردنی داهاتەكانی باج و گومرگ و دەروازە سنورییەكان.
سیستمی ئیسكۆدا ( ASYCUDA System ) کورتکراوەی سیستەمی ئۆتۆماتیکی بۆ داتای گومرگیە، سیستمێکە کە بەکاردێت بۆ رێکخستنی کارەکانی گومرگی لە رێگەی ئۆتۆماتیکیکردنی پرۆسەکانی وەک کۆکردنەوەی زانیاری و شیکاری لە خاڵە گومرگییەکان، ئەم جۆرە سیستمە لە زۆرێک لە وڵاتان بەشێوەی هاوشێوە بەکاردەهێنن بۆ بەرزکردنەوەی کارایی و ئاسایشی گومرگی،هەروەها سیستمی ئەسیکودا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەدواداچوون و شیکردنەوەی سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت، بە تایبەت ئەگەر زیادبوون هەبێت، ئاسانکاریش دەکات لە ئۆتۆماتیکیکردنی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیاری لە خاڵە گومرگییەکان.



