ئەفسەرێکی پلە باڵای بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک، کە بەرپرسی بەشی ژمێریارییە، بە گومانی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی روبەروی لێکۆڵینەوە بووەتەوە. هاوکات، دەستەی دەستپاکی دوو دۆسیەی دیکەی پەیوەست بە سوتانی بازاڕی چەلێ لەسەر هەمان بەڕێوەبەرایەتی تۆمار کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، ئەفسەرە پلە باڵاکە بۆ ماوەی هەفتەیەک لە شاری هەولێر راگیراوە و دواتر بە کەفالەت ئازاد کراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن.

سەرچاوە تایبەتەکان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە دوو دۆسیەکەی دیکە کە لەلایەن دەستەی دەستپاکیەوە جوڵێندراون، پەیوەندییان بە روداوی سوتانی بازاڕی 'چەلێ' لە دهۆک و پرسی قەرەبووکردنەوەی دوکاندارە زیانلێکەوتووەکانەوە هەیە.