بەهۆی وتەکانی دژی  رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، داواکاری گشتیی ئەنقەرە دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد لەگەڵ ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە).

لێکۆڵینەوەکە دوای ئەوە دێت کە ئۆزێل لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە دەنگۆی چوونە پاڵی ئۆزلەم چەرچیئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئایدن بۆ ئاکپارتی، رەخنەی توندی لە ئەردۆغان گرت. ئۆزێل رایگەیاندبوو، کە فشار خراوەتە سەر چەرچیئۆغڵو و پێی وتراوە: "یان وەرە ناو پارتەکەم یان دەتخەمە زیندانەوە."

سەرۆکی جەهەپە لە درێژەی قسەکانیدا بە بە توندی هێرشی کردبووە سەر ئەردۆغان و وتبووی: "تۆ لە 31ی مارسدا بە شەق و لێدان لە ئایدن دەرکرایت. ئەمەیە پیاوەتی؟ ئاوا دەتەوێت ئایدن بەدەست بهێنیت؟"

وەزیری داد: "ئەمە هێرشە بۆ سەر ئیرادەی86 ملیۆن هاووڵاتی"

یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، لەسەر هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند کە داواکاری گشتیی ئەنقەرە بە تۆمەتی "سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار" لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئۆزێل دەستپێکردووە.

تونچ لە راگەیەندراوەکەیدا نووسیویەتی: "ئەو ووتانەی کە سنووریان بەزاندووە و لە دەرەوەی رێزن، هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر ئیرادەی 86 ملیۆن هاووڵاتی کە سەرۆک کۆمار نوێنەرایەتییان دەکات."ناوبراو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەت دەبێت لە چوارچێوەی ئەدەب و رەوشتدا بکرێت و ئەو زمانە "ناشایستەیەی" ئۆزێل بەکاریهێناوە، چیتر تەنها کێشەی شێوازی قسەکردن نییە و لە رێز و نەزاکەتی سیاسی دەرچووە.

کاردانەوەی ئاکپارتی

عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاکپارتی، بە توندی ئیدانەی قسەکانی ئۆزێلی کرد و بە "ناشایستە" وەسفی کردن. چەلیک رایگەیاند: "ئەوەی ئۆزگور ئۆزێل دەیکات سیاسەت نییە، بەڵکو بووەتە ناوەندێک بۆ ژەهراویکردنی سیاسەت."

هەروەها بورهانەددین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، کاردانەوەی نیشاندا و وتەکانی ئۆزێلی بە "سوکایەتی" ناوبرد و داوای پاراستنی ئاست و شێوازی گفتوگۆی سیاسی کرد.

شایەنی باسە، ماددەی 299ی یاسای سزاکانی تورکیا، "سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار" وەک تاوان ناساندووە و سزای زیندانیکردنی بۆ داناوە. جەهەپە پێشتر داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم ماددەیەی کردبوو و بە "نائاسایی" وەسفی کردبوو، چونکە پێی وایە ئەم یاسایە پارێزبەندییەکی نادادپەروەرانە بە سەرۆک کۆمار دەبەخشێت کە هاوکات سەرۆکی پارتێکی سیاسییشە.