نێردەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەیەوێت تا هەشتی ئابی داهاتوو رێککەوتنێک لەسەر قەیرانی ئۆکرانیا ئەنجام بدرێت.

جۆن کێلی، جێگری کاروباری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئۆکرانیا وتی: "پێویستە روسیا و ئۆکرین لەسەر ئاگربەست و بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی رێکبکەون. کاتی ئەوە هاتووە رێککەوتنێک بکرێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: "ترەمپ بە روونی وتوویەتی کە دەبێت ئەمە تا هەشتی ئاب ئەنجام بدرێت."

کێلی وتیشی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەیە رێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئاشتی."

پێشتر سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە مۆڵەتی 50 رۆژ دەداتە روسیا و ئۆکراین بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، دوای ئەوە بەنیازە باجی بازرگانی بە ڕێژەی %100 بەسەر مۆسکۆ و هاوبەشە بازرگانییەکانیدا بسەپێنێت.

دواتر ترەمپ نائومێدی خۆی لە rوسیا و لە پێشکەوتنەکانی پرۆسەی چارەسەری دەربڕی، بۆیە مۆڵەتەکەی بۆ 10 بۆ 12 رۆژ کەمکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدانا کە دڵنیا نییە لە کاریگەریی ئەو سزایانە.