سودانی: هێرشی گروپە چەكدارەكان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم تیرۆریستیە
شنیار
٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٥
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق هێرشی گروپە چەكدارەكان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بە تیرۆریستی ناودەبات.
سودانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس رایگەیاندووە، ئەو هێرشانەی گروپە چەكدارەكان بۆسەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدەن، كارێكی تیرۆریستییە و لەگەڵ لێپرسراوانی هەرێمیش لە هەماهەنگیدان بۆئەوەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا.
وتیشی، لە ماوەی 12 رۆژی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، رێگرییان كردوە لە 29 هەوڵی گروپە چەكدارەكان بۆ هێرشكردنەسەر ئیسرائیل و سەربازگەكانی ئەمریكا لە رێی موشەك و درۆنەوە، شكستپێهێنانی ئەو هەوڵانەش لە رێی ئۆپراسیۆنی ئەمنی سەربازیی عیراقیەوە بووە، دوپاتیشكردوەتەوە، رێگە بە هیچ كەس و لایەنێك نادەن عیراق وەك سەربازگەیەك بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی بەكاربهێنێت و وڵات ببێتە گۆڕەپانی جەنگی وڵاتانی تر.
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا سودانی جەختیكردوەتەوە عیراق بەرژوەندیی خۆی دەپارێزێت و لایەنگری هیچ لایەنێك ناكات لە ململانێكاندا، چونكە سەقامگیری و ئاسایشی عیراق لە سەرو هەموو بەرژوەندییەكەوەیە.