براکەی ئەحمەد شەرع کێیە؟
رەوەز
٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٥
لە هەفتەکانی دوای کەوتنی دیمەشق بە دەستی تەحریر شام، درەنگانی شەو بازرگانێکی دیار پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێگەیشت بۆ ئەوەی بڕوات و "شـێـخ" ببینێت.
ناونیشانەکە بۆ بازرگانەکە ئاشنا بوو، باڵەخانەیەک بوو کە تێیدا ناوبەناو پارە لێسەندنی زۆرەملێ لە بازرگانانی وەک ئەو رووی دەدا لە ژێر ئیمپراتۆریەتە ئابوورییەکەی بەشار ئەسەددا.
بەڵام ئەمجارە گەورەیەکی نوێ لە شارەکەدا دەرکەوتووە...
شێخەکە، بە ریشێکی درێژی رەش و دەمانچەیەک لە کەمەریدا، تەنها نازناوێکی جەنگیی دایە دەستەوە، "ئەبو مەریەم". ئێستا ئەو سەرۆکی لیژنەیەکە کە ئابووری سوریا دادەڕێژێتەوە، پرسیارەکانی بە رێزەوە دەکرد و کەمێک شێوەزاری ئوسترالی پێوە دیاربوو.
بازرگانەکە وتی: "پرسیاری دەربارەی کارەکەم لێکردم، کە چەند پارەمان قازانج دەکرد". "من هەر تەماشای دەمانچەکەم دەکرد."
لێکۆڵینەوەیەکی رۆیتەرز دەریخستووە کە سەرکردایەتی نوێی سوریا بە نهێنی خەریکی داڕشتنەوەی ئابوورییەکەین کە بەهۆی گەندەڵی و ساڵانێک لە سزا لە دژی حکومەتەکەی ئەسەد داڕماوە، ئەمەش لە ژێر سەرپەرشتی گرووپێک پیاودا کە ناسنامەیان تا ئێستا لە ژێر نازناوی نهێنیدا شاردراوەتەوە. ئەرکی لیژنەکە: شیکردنەوەی میراتی ئابووری سەردەمی ئەسەد، پاشان بڕیاردان لەسەر ئەوەی چی لەناوببرێت و چی بهێڵرێتەوە.
دوور لە چاوی گشتی، لیژنەکە دەستی بەسەر سامانێکدا گرتووە کە بەهای زیاترە لە1.6 ملیار دۆلار. ئەو ژمارەیە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی ئەو کەسانەیە کە ئاگاداری مامەڵەکانی بوون بۆ بەدەستهێنانی پشکی بازرگانی و دەستبەسەرداگرتنی پارەی کاش، کە بەلایەنی کەمەوە 1.5 ملیار دۆلار سامانی سێ بازرگانی لەخۆدەگرت، هەروەها کۆمپانیاکانی ناو کۆمەڵەیەکی گەورەی بازرگانی (conglomerate) کە جاران لەلایەن بازنە نزیکەکەی ئەسەدەوە کۆنترۆڵکرابوو، وەک کۆمپانیای سەرەکی پەیوەندییەکانی وڵات، کە بەهای بەلایەنی کەمەوە 130 ملیۆن دۆلارە.
رۆیتەرز بۆی دەرکەوتووە ئەو پیاوەی سەرپەرشتی داڕشتنەوەی ئابووری سوریا دەکات، حازم شەرعە، برای گەورەی سەرۆکی نوێ، ئەحمەد شەرع. هەروەها سەرۆکی لیژنەکە، ئەبو مەریەم ئوسترالی، بریتییە لە ئەبراهام سوکاریە، ئوستورالییەک بە ڕەچەڵەک لوبنانی کە ناوی لە لیستی سزادراوانی وڵاتەکەیدایە بەهۆی تۆمەتی پاڵپشتی دارایی تیرۆرەوە. ئەو لەسەر ئینتەرنێت خۆی وەک بازرگانێک وەسفدەکات؛ کە حەزی لە کریکێت و شاورمەیە.
حکومەتی نوێی سوریا دەزگا ئەمنییە زۆر ترسناکەکانی ئەسەدی هەڵوەشاندۆتەوە، و خەڵک دەتوانن ئازادانەتر لە دەیان ساڵی رابردوو قسە بکەن. بەڵام ئەو تێکەڵەیە لە بنەماڵە و پیاوانێک کە تەنها بە نازناوی جەنگی ناسراون، ئێستا ئابووری سوریا بەڕێوەدەبەن، بووەتە جێی نیگەرانی زۆرێک لە بازرگانان، دیپلۆماتکاران و شیکاران، کە دەڵێن؛ دەترسن ئەوەی رۆشت، یەکێکی تری هاو سیفەت جێی بگیرێتەوە.
لێکۆڵینەوەکەی رۆیتەرز پشتی بەستووە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە 100 بازرگان، نێوەندگیر، سیاسەتمەدار، دیپلۆماتکار و توێژەر، هەروەها کۆمەڵێکی زۆر بەڵگەنامە کە تۆماری دارایی، ئیمەیڵ، کۆنووسی کۆبوونەوە و تۆماری کۆمپانیای نوێی لەخۆگرتووە.
کاری لیژنەکە، و تەنانەت بوونیشی، هەرگیز لەلایەن حکومەتەوە رانەگەیەندراوە و لای خەڵکی سوریا نەزانراوە. تەنها ئەوانەی مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵیدا هەیە ئاگاداری ئەرک و دەسەڵاتەکانی (mandate)ن، کە توانای ئەوەی هەیە کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی هەموو سورییەکان و تەنانەت زیاتریش هەبێت، لە کاتێکدا کە وڵاتەکە هەوڵدەدات جارێکی تر تێکەڵ بە ئابووری جیهانی ببێتەوە.
یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە بە رۆیتەرزی وتووە کە قەبارەی گەندەڵی لە سەردەمی ئەسەددا، کە لەسەر بنەمای پێکهاتەی کۆمپانیاکان بنیاتنرابوو کە هێندەی بۆ دزینی سەروەت و سامان داڕێژرابوون هێندە بۆ پارە پەیداکردن نەبوون، بژاردەی کەمی بۆ چاکسازی ئابووری هێشتۆتەوە. لیژنەکە دەیتوانی ئەو بازرگانانەی گومانیان لێدەکرێت بە شێوەی نایاسایی دەوڵەمەند بووبن بیانباتە دادگا وەک چۆن زۆرێک لە سورییەکان داوای دەکەن، یان راستەوخۆ دەست بەسەر کۆمپانیاکاندا بگرێت، یان مامەڵەی تایبەت لەگەڵ کەسایەتییەکانی سەردەمی ئەسەددا بکات کە هێشتا لەژێر سزای نێودەوڵەتیدان.
هەموو ئەم رێگایانە مەترسی ئەوەیان هەڵگرتبوو کە سورییەکان زیاتر لە دژی یەکتر هانبدەن – دەوڵەمەند لە دژی هەژار، و ئەوانەی لە سەردەمی ئەسەددا دەوڵەمەند بوون لە دژی ئەوانەی ئازاریان چەشت. لەبری ئەوەی ئەو بازرگانانەی لە سەردەمی ئەسەددا قازانجیان کردبوو بیانباتە دادگا یان دەست بەسەر کۆمپانیاکانیاندا بگرێت، لیژنەکە بڕیاریدا دانوستان بکات بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارە کاشەی کە زۆر پێویستە و کۆنترۆڵی جومگە سەرەکییەکانی ئابوری بکات، بە جۆرێک کە رێگە بدات بەبێ پچڕان کار بکات.
رۆیتەرز، لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا دەڵێت: حکومەتی سوریا، حازم ئەلشەرع و سوکاریە وەڵامی داواکارییە دووبارەکانیان بۆ لێدوان نەدایەوە و وەڵامی پرسیارەکانیان بۆ ئەم چیرۆکە نەدایەوە. نووسینگەی سەرۆک پرسیارەکانی ئاراستەی وەزارەتی راگەیاندن کرد. رۆیتەرز دەرەنجامەکانی ئەم راپۆرتەی لە میانی کۆبوونەوەیەکی رووبەڕوودا لە هەفتەی رابردوودا لەگەڵ وەزیری راگەیاندن خستەڕوو و وردەکارییەکانی روون کردەوە و پرسیارەکانی بە نووسراو ئاراستەی وەزارەت کرد. وەزارەتەکە پێش بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە وەڵامی نەدایەوە.