دوای 52 ساڵ، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆتایی بە رێککەوتنێکی تایبەت بە بواری نەوت لەنێوان وڵاتەکەی و عیراق هێنا.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیارێکی تایبەت بووە بە راگرتنی بۆری نەوتی خاو لەنێوان تورکیا و عیراق ئیمزا کردووە، کە لە ساڵی 1973وە کار بەو رێککەوتنە دەکرێت.

رێککەوتنەکە 52 ساڵەییەکە، یەکێکە لە دیارترین لێکتێگەیشتنە ئابورییەکانی نێوان تورکیا و عیراق.

بەپێی هەواڵی میدیاکان، رێککەوتنەکە بە رەسمی لە رۆژی 27ی مانگی تەمموزی ساڵی داهاتوودا کۆتایی پێدەهات، بەڵام ئەردۆغان ئیزامی هەڵوەشاندنەوەی کردووە و لە رۆژنامەی رەسمی تورکیاشدا بڵاوکراوەتەوە.

ئەو رێککەوتنەی ئەردۆغان هەڵی وەشاندووەتەوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1973 لە نێوان تورکیا و عیراقدا ئیمزاکرا کە تایبەت بوو بە دەستەبەرکردنی هەناردەی نەوتی خاو لە عیراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

لەماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار رێککەوتننامەکە نوێ کراوەتەوە، کە دوایین جار لە ساڵی 2010دا نوێ کرایەوە.

وەک میدیاکان باسی دەکەن، هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتنە گۆڕانکارییەکی گەورە لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان عێراق و تورکیادا دێنێتە ئاراوە.