دانیمارك 3.4 ملیۆن دۆلار بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە عیراق تەرخاندەكات
هەساو ئەمیر
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٥
حكومەتی دانیمارك بڕیاریداوە بە تەرخانکردنی 3.4 ملیۆن دۆلار لە رێگەی نەتەوەیەكگرتووكانەوە، تایبەت بە هەوڵەكانی هەڵگرتنەوە و پاککردنەوەی خاکی عیراق لە مین.
نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عیراق رایگەیاندووە، پێشوازی لە بڕیارێکی حكومەتی دانیمارك دەكەن بۆ تەرخانکردنی بڕی سێ ملیۆن و 400 هەزار دۆلاری ئەمریکی تایبەت بە پرسی هەڵگرتنەوە و پاککردنەوەی خاکی عیراق لە مین.
حکومەتی دانیمارک ئەو پارەیەی تەرخانکردووە بۆ بەشداریكردن لە هەوڵەكانی هەڵگرتنەوەی مین لە عیراق، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی کەسانی مەدەنی لە مەترسییەكانی مین و ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی مینەوە زیانیان بەركەوتووە.
بەهۆی رژێمی پێشووەوە؛ عیراق رووبەرێکی زۆری خاکی پیسبووی بە مین هەیە، ئەگەرچی لەماوەی ساڵانی رابردوودا هەوڵەکانی پاککردنەوەی خاکی عیراق لە مین و پاشماوەکانی بەردەوام بوون، بەڵام هێشتا رووبەرێکی زۆری پیسبوو بە مین هەن، بەتایبەتیش لە ناوچە سنورییەکانی نێوان عیراق و ئێران و ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان.