وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند، دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی شەش دەکرێت.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ی تەمموزی ٢٠٢٥، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى شەش دەخرێتە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی پێشمەرگە،

ئەوەش هاتووە، رۆژی یەکشەممە 6ی تەمموز، دوای ئەنجامدانی رێکارە دارایى و ژمێریارییەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى بودجە و بەرنامەکان (ژمێریارى سەربازى) دەست بە دابەشکردنى دەکرێت.

لەدوای دەستپێکی شەڕی داعشەوە لە عیراق و هەرێم، هێزەکانی هاوپەیمانان چەندین جار هاوکاریی سەربازیی و لۆجستیان پێشکەش بە ‌هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، دواتریش لە ساڵی 2017 بەدواوە مانگانە بڕی 20 ملیۆن دۆلاریان وەک موچە بۆ ئەو لیوا هاوبەشانە تەرخانکرد کە خراونەتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە.

ساڵێک بەر لە ئێستا و لە مانگی شەشی ساڵی رابردوودا ئەو پارەیەی وەک موچە پێیان دەدرا کرا بە هاوکاریی و موچەکانیان چووەوە سەر بەغدا.