عراقچی: تەنیا تەلەفۆنێکی واشتنتۆن بەسە بۆ راگرتنی جەنگەکە
رەوەز
١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە پێداگری کرد لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا و سەرۆکەکەی دۆناڵد ترامپ دەتوانن بە "تەلەفۆنێک" هێرشەکانی ئیسرائیل بوەستێنن.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆرمی "ئێکس"دا نووسی: "تەلەفۆنێک لە واشنتۆنەوە بەسە بۆ راگرتنی جەنگی ئیسرائیلی و خۆشکردنی رێگا بۆ گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی."
عراقچی زیادی کرد کە وڵاتەکەی جەنگی دەستپێنەکردووە، بەڵام "ئامادەین تا کۆتایی شەڕ بکەین"، جەختی لەوەشکردەوە کە "وەڵامی ئێران بۆ ئیسرائیل بەردەوامە تا کاتێک هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامن."
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری لە تێکەڵبوونی ئەمریکا لە جەنگەکە داو وتی ئەمەش "هەموو هیوایەک لە چارەسەری دانوستانە لەناو دەبات و دەرئەنجامە خراپەکانی پێشبینینەکراو و لەوانەیە کارەساتبار بۆ ئاسایشی ناوچەیی و ئابووری جیهانی بهێنێت."
ئیڤی دفرین، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە پلاتفۆرمی "ئێکس"دا راگەیاند: "فڕۆکە جەنگیەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، بە ڕێنمایی هەواڵگری، هێرشیان کردە سەر بنکە فەرماندەییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران."