وەزیری دەرەوەی ئێران: جەنگ نابەینە خاکی وڵاتانی دراوسێ
هەساو ئەمیر
١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، جەنگ نابەنە خاکی وڵاتانی دراوسێ و دەشڵێت: ناچار نەکێین مەودای شەڕ فراوان ناکەین.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان سەرجەم هێڵە سورەکانی بەزاندووە و ئەوانیش لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێگە نادەن جەنگەکە بخەنە خاکی وڵاتانی دراوسێیان. دەشڵێت، ئەگەر ناچار نەکرێین نامانەوێت مەودای شەڕ فراوان بکەین.
ئەوەشی خستووەتە روو، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە مافی خۆیان دەبینن و چاوەڕوانیشن ئەمریکا نیازپاکی خۆی نیشان بدات. وەک وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، پێیان وایە هێرشی ئیسرائیل بەبێ پشتیوانی و گڵۆپی سەوزی ئەمریکا روونادات.
باسی لەوەشکردووە، بەڵگەیان لایە لەسەر پشتگیری هێزە ئەمریکییەکانی ناوچەکە بۆ ئیسرائیل.
روونیشیکردووەتەوە، ئامادە نین رێککەوتنێک بکەن کە لە مافە ئەتۆمییەکانیان بێبەشیان بکات، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی رابگرێت ئەوانیش هێرشیان ناکەنە سەر.