لە ورمێ لە رۆژهەڵاتى کوردستان، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنان بە بەشداریی ژوورى بازرگانى و پیشەسازیی سلێمانى، هەولێر، هەڵەبجە و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران و بازرگانانی شارەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە چوو.

محەمەد رەسوڵ، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە بارەی کۆنفرانسەکەوە بە کوردسات نیوزى رایگەیاند، ئامانج لەو کۆنفڕانسە هاندانی وەبەرهێنانی بیانی بوو بۆ  ناوچەکانی ئێران، لە بوارەکانی پیشەسازى، کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک چونکە ورمێ ناوچەیەکی بەپیتە لە بەرهەمی کشتوکاڵیدا.

ئەوەشى خستەڕوو، بەشدارییان لەو کۆنفڕانسە پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتى کورستان و ئێران بەهێز دەکات، بەتایبەت لە دەستڕاگەیشتنی بازرگانانی کوردستانی عێراق بە بازاڕی ئێران و بەپێچەوانەوە.

هاوکات، رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ، لە کۆنفرانسەکەدا چەند دەرفەتێکى وەبەرهێنانى راگەیاند و ئاماژەى بەوە کرد، ئامانجیانە سەرمایەی بیانی بۆ ناوچەکەیان رابکێشن، یەکێک لەو پرۆژە سەرەکییەکانى راگەیەندران بریتییە لە دروستکردنی "ناوچەی ئازادی بازرگانی" لە ورمێ، کە بەشێوەیەکی تایبەت ئامانج لە فراوانکردنی بازرگانیی سنورەوانی و هاندانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتییە.