دڵی بەغداد دەگەڕێنرێتەوە بۆ ژیان.. چی لەبارەی خان مەرجانەوە دەزانیت؟
هەساو ئەمیر
٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
خان مەرجان؛ میراتە 667 ساڵەکەی بەغداد و ئەو خانەی پێی دەوترا دڵی بەغداد، دەگەڕێنرێتەوە بۆ ژیان و جارێکی دیکە گەرموگوڕی بۆ دەگەڕێنرێتەوە.
خان مەرجان لە ساڵی 1358دا و لە سەردەمی والی ئەمینەدین مەرجاندا دروستکراوە و لەدوای سەردەمی عەباسییەکانەوە وەک ناوەندێکی گەورەی بازرگانی و میوانخانە و دیوەخانێک بۆ رێبواران و ناوەندێکی فێربوونی نوسین و خوێندنەوە رۆڵی گێڕاوە.
خانەکە دەکەوێتە ناوجەرگەی شەقامی رەشیدی ئێستا، هونەری تەلارسازی ئاستبەرزی تێدا بەکارهاتووە کە بە بینینی چاو تێر نابێت، بەرزی خانەکە 31 مەتر و نیو و پانی رووکاری پێشەوەشی 45 مەترە.
خانەکە لە دوو نهۆمی 45 ژووری پێکهاتووە، کە سەرجەم ژوورەکان بە هونەرێکی بەرزی تەلارسازیی نەخشێنراون، ناوەڕاستی خانەکەش لە هەردوو نهۆمەکەوە دەڕوانێتە سەر گۆڕەپانێک کە بنمیچەکەی بە شێوەیەکی هونەریی رازێنراوەتەوە.
ئێستاش دوای نزیکەی 700 ساڵ، دووبارە خان مەرجانی دڵی بەغداد جمەی دێت و لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان، نۆژەن کراوەتەوە و وەک مۆزەخانەیەک و شوێنێکی گەشتیاریی و ناوەندێکی هونەری و رووناکبیری بە رووی هاووڵاتیاندا کراوەتەوە.
نۆژەنکردنەوەی خانەکە بە جۆرێک کراوە، کە سەرجەم دەرگا و پەنجەرەکانی هاوشێوەی هونەری تەلارسازی ئەو سەردەمە دروستکراونەتەوە و بناغەی خانەکەش تۆکمەکراوەتەوە، هەروەها سەرجەم دیوار و بناغە و بنمیچەکانیشی کاریان تێدا کراوە بۆئەوەی لە شێ و هەر شتێکی دیکە کە ببێتە هۆی تێکدانی بیپارێزن، لە رووکاری دەرەوەشیدا سەرجەم زیادەڕەوییەکانی لێ لابراون و ئێستا خانەکەی سەردەم والی ئەمینەدین دووبارە هاوشێوەی ئەوکاتە خۆی دەنوێنێت.
بڕیارە خانەکە پاڵپشت بە کرانەوەی، ئەو خواردن و خواردنەوانەشی تێدا پێشکەشبکرێت کە بنەچەیان بەغداد خۆیەتی، هەروەها شوێنی بۆ پێشانگەی کاری دەستیی و وەرشەی فێرکردن و خولی دیکە تێدا تەرخان بکرێت و بەردەوام نمایشی هونەری تێدا بێت.