بیڵ گەیتس 200 ملیار دۆلاری سامانەی کە بڕیاریداوە بیبەخشێت زۆرینەی دەداتە ئەفریقا
محەمەد رزگار
٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
بیل گەیتس دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دەڵێت، زۆربەی سامانەکەی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردەیی لە ئەفریقا لە ماوەی 20 ساڵی داهاتوودا خەرج دەکات.
بیل گەیتسی تەمەن 69 ساڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ئازادکردنی توانا مرۆییەکان لەڕێگەی تەندروستی و پەروەردەوە، پێویستە هەموو وڵاتێکی ئەفریقا بێتە لەسەر رێگەی خۆشگوزەرانی.
هەروەها لە قسەکانیدا لە ئەدیس ئەبابای پایتەختی ئەسیوپیا، داوای لە گەنجانی داهێنەرانی ئەفریقا کرد بیر لە چۆنیەتی بنیاتنانی زیرەکی دەستکرد (AI) بکەنەوە بۆ باشترکردنی چاودێری تەندروستی لە کیشوەرەکەدا.
گەیتس مانگی رابردوو ئاشکرایکرد، 99%ی سامانە بەرفراوانەکەی دەبەخشێت، کە پێشبینی دەکات بگاتە 200 ملیار دۆلار، هەروەها لە ماوەی 20 ساڵی داهاتوودا و تا ساڵی 2045 تەواوی سامانەکەی بۆ کاری خێرخوازی دابیندەکات.