لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ سێشەممە، فاتمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەتی ئێران، رەخنەی لە لێدوانە دژ بە یەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا گرت و رایگەیاند، "ئێمە چەندین جار جەختمان لەسەر ئامادەیی خۆمان کردووەتەوە بۆ دانوستان، بەڵام نەک بە شێوەیەک کە ڕێگەمان پێبدات ئەمڕۆ شتێک بڵێین و سبەی شتێکی دیکە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا لە کاتی دانوستان و دوای دانوستانەکان، وتی "یەکێک لە کێشەکانی ئێمە لەم بوارەدا ئەم لێدوانە دژبەیەکانەیە، ئەم دژبەیەکانە کارەکە قورس دەکەن، بەڵام بە لێهاتوویی دیپلۆماتکارەکانمان لە دانوستاندا، بەردەوام دەبین لە پرۆسەی دانوستان لە بەرژەوەندی خەڵک".

رۆژی دووشەممە، سی ئێن ئێن، بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، رایگەیاند کە رەنگە خولی شەشەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئەنجام نەدرێت، چونکە پرسی پیتاندن بووەتە چەقی مشتومڕەکان.

دوێنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ریگەیاند، هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕێگە بەوەنادات "هەر شێوەیەک لە پیتاندنی یۆرانیۆم" ئەنجامبدات.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دیپلۆماتکارێکی باڵای ئێرانی بڵاویکردەوە، ئێران بەنیازە پێشنیازی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی ئەتۆمی رەتبکاتەوە و بە "ناکارامە" و ناتەبایی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تارانی دەزانێت. ئەم پێشنیازە نیشانی دەدات" هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە پیتاندن لەسەر خاکی ئێران وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانەوە نییە".