حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەبارەی لێبڕینی خانەنشینی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو بڵاوکردەوە و یاساکە دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەبارەی لێبڕێنی خانەنشینی بڵاوکردەوە کە بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق دەبێت بەسەر خانەنشینانی هەرێمیشدا جێبەجێ بکرێت و رایگەیاندووە، لە موچەی مانگی شەشەوە لێبڕینەکە دەست پێ دەکات.

 

دەقی خاڵەکانی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی:

یەکەم: 3٪ی موچە لە سەرجەم فەرمانبەران دەبڕدرێت لە 1ی 1ی ساڵی 2014 بۆ 30ی 6ی 2024.

دووەم: 3٪ی موچەی فەرمانبەرێتی خانەنشینان دەبڕدرێت، کە ئەو کەسانەی لە ئێستادا خانەنشینن و یاساکە دەیانگرێتەوە، لە 1ی 1ی 2014ـەوە تا رۆژی خانەنشینبوونیان.

سێیەم: بڕی پارەی کەڵەکەبووی سەر فەرمانبەران و خانەنشینان وەک قەرز تۆمار دەکرێت لە ئەستۆیان.

چوارەم: قەرزی ئاماژەپێکراو لە خاڵی 'سێیەم'، دەبێت فەرمانبەران لەماوەی سێ ساڵ و خانەنشینانیش لەماوەی پێنج ساڵدا بیدەنەوە.

پێنجەم: لێبڕینەکە لە موچەی مانگی شەشی ئەمساڵەوە دەست پێ دەکات تاوەکو قەرزەکە تەواو دەبێت.

وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەیەکدا ئەوەشی خستووەتە روو، ئەگەر موچەخۆرێک لە ساڵی 2014دا موچە بنەڕەتییەکەی 509 هەزار دینار بووبێت، ئەوا دەبێت موچە بنەڕەتییەکەی لێکدانی 3٪ بکات، کە دەکاتە 15 هەزار و 270 دینار بۆ هەر مانگێک، ئەگەر لە ساڵی 2015دا موچە بنەڕەتییەکەی بووبێتە 519 هەزار دینار، ئەوا دەبێت ئەو بڕە لێکدانی رێژەی 3٪ بکات.

دەشڵێت، بۆ فەرمانبەران لێبڕینەکان کۆدەکرێنەوە و دابەشی 36 مانگ دەکرێن، ئەو بڕەی دەردەچێت مانگانە لە موچەکەی دەربڕدرێت تاوەکو قەرزەکە کۆتایی پێدێت. بۆ خانەنشینانیش دابەشی 60 مانگ دەکرێت.

 

دەقی راگەیەنراوەکە:

May be an illustration of text