بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقل ئەوسەت، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، ئەم دواییانە جوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی خێرای بە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە کردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت چاپی لەندەن لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوی کردۆتەوە، سەرۆک وەزیران نوێنەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بینیوە و گفتوگۆی لەگەڵیاندا کردووە.

داخوازی ئەمەریکا بۆ چارەسەری کێشەکە:

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە حکومەتی ئەمەریکا داوای لە هەردوو لایەن کردووە کە لە زووترین کاتدا کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و پابەند بن بە رادەستکردنی شایستەی دارایی بە یەکتری.

وەستاندنی ناردنی مووچە لەلایەن بەغدادەوە:

رۆژی 28ـی ئایاری 2025، تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی عیراق بە نوسراوێکی رەسمی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردەوە کە چیتر ئامادە نییە مووچەی کارمەندانی هەرێم بنێرێت.

وەزیری دارایی بەم هۆکارە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت:

- خەرجکردنی تەواوی تەرخانکراوی دارایی و شایستەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵانی 2023،2024 و 2025
- پابەند نەبوونی هەرێمی کوردستان بە ناردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ خەزێنەی گشتی

کاردانەوەی هەرێمی کوردستان:

نوسراوەکەی وەزیری دارایی کاردانەوەی گەورەی لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، بەناوی فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە هەڕەشەی بایکۆتکردنی بەغدادی کرد.

-دواتر هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە لێدوانێكدا بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیارەكەی تەیف سامی وەزیری دارایی نایاساییە و دژی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵییە.

دواتر مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند: ئەگەر تا پێش جەژنی قوربانی مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان نەنێردرێت، هەڵوێستی یەکلاکەرەوەیان دەبێت