ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، نووسراوەكەی وەزیری دارایی عیراق بۆ نەناردنی موچەی هەرێم، هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە.

د. نەرمین مەعروف لە فەیسبوك نوسیویەتی، "رۆژی چوارشەممە بۆ بەدواداچوونی چەند پرسێك  سەردانی وەزارەتی دارایی عیراقی كردوە و تەیف سامی وەزیری دارایی عیراقیی بینیوە و لەسەر پرسی نەناردنی موچەی هەرێم مشتومڕێكی زۆری لەگەڵ وەزیری دارایی كردووە، لەبەرئەوەی هەڵوێستەكەی وەزارەتی دارایی پێچەوانەی بڕیاری ژمارە 224ی دادگای فیدڕاڵییە.

دەشڵێت ئەو شێوازەی پشكی هەرێمی پێ ئەژمار كراوە لە نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی هیچ بنەمایەكی یاسایی و ژمێریاری نییە، حكومەتی فیدڕاڵیش هێشتا خشتەی داهات و خەرجی ساڵی 2025ی نەناردووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران كە پێچەوانەی مادەی 77ـە لە یاسای بودجە سێ ساڵییەكە.

رۆژی چوارشەممە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق نووسراوێكی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كە تیایدا هاتووە، بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵەكانی 2023، 2024، 2025، هەرێمی كوردستان رێژەی 12.67٪ی پشكی خۆی لە بودجە وەرگرتووە و هیچ تەرخانێكی دارایی بۆ مووچە نەماوە.