نەوتی عیراق: ئەو دوو گرێبەستە دەیان ملیار دۆلارییەی حکومەتی هەرێم باسی دەکات نایاساییە
هەساو ئەمیر
٢٠ی ئایاری ٢٠٢٥
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، ئەو دوو گرێبەستەی حکومەتی هەرێم کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باسدەکرێت و بەهاکەی دەیان ملیار دۆلارە، نایاساییە و سەرپێچییەکی روونی یاسایە.
وەزارەتی نەوتی عیراق راگەیەنراوێکی لەبارەی ئەو دوو گرێبەستەوە بڵاوکردەوە کە حکومەتی هەرێم لە بواری وزەدا ئەنجامی داوە و ئاماژەی بەوەکردووە، سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە دو گرێبەست دەکەن کە بەهاکەیان دەیان ملیار دۆلارە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەو دوو گرێبەستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەنجامی داوە لەبارەی کێڵگەی میران و تۆپخانە لە سلێمانی، پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵین.
وەزارەتەکە دەشڵێت، سەرەڕای پێویستی عیراق بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی وەبەرهێنان لەبواری غاز و پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام هێشتا ئەو رێکارانەی حکومەتی هەرێم گرتوونیەتە بەر پێشێلکارییەکی روونی یاسایە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سامانە سروشتییەکان موڵکی سەرجەم تاکێکی عیراقە و هەر وەبەرهێنانێک لەو سامانەدا، پێویستە لەرێگای حکومەتی عیراقەوە بێت.
وەزارەتەکە جەختی لەوەشکردووەتەوە، بە پشتبەستن بە دەستووری عیراق و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستانە "پوچەڵن".