لوتکەی ئەنجومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو- ئەمریکا دەستی پێ کرد
هەساو ئەمیر
١٤ی ئایاری ٢٠٢٥
لوتکەی ئەنجومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو- ئەمریکا لە سعودیە دەستی پێ کرد و تیایدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، وڵاتانی کەنداو پێشکەوتنی زۆریان بەخۆوە بینیوە، کە جێگای دەستخۆشییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لوتکەی ئەنجومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو- ئەمریکا لە ریازی پایتەختی سعودیە دەستی پێ کرد و بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە سعودیە.
لە لوتکەی ئەنجومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو- ئەمریکادا دۆناڵد ترەمپ باسی لە رەوشی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو پرسانە کرد کە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن، وتی، "دەمانەوێت ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەرقەرار بێت و ناوچەکە ئارام و سەقامگیر بێت".
لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەتەوە و وا بە پێویست دەزانن کە یەکێتی خاکی سوریا پارێزراو بێت. ئاماژەی بەوەکرد، دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا دەست پێ بکەنەوە و بڕیاریشە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاوتا سورییەکەی کۆببنەوە.
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئێرانیەوە ئەوەی خستە روو، رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دەشیەوێت لەگەڵیاندا رێکبکەوێت، روونیشیکردەوە، "داوایان لێدەکەین واز لە پشتیوانی تیرۆر بهێنن".
لەبارەی لوبنانیشەوە باسی لەوەکرد، لەئێستادا دەرفەتیان لەبەردەستادایە کە بە ئاشتی و سەقامگیری بژین، پێویستە وڵاتەکەیان لە حوسییەکان پاک بکەنەوە.
لە لوتکەکەدا هەریەک لە ئەمیری کوەیت و شازادەی جێنشینی سعودیەش وتاری خۆیان پێشکەش کرد و باسیان لەوە کرد، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا پتەوە و خواستیان هەیە بۆ پەرەپێدانی کار و بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا.